به ژماره.. شهڕ چی بهسهر ئابووری توركیا دههێنێت
لیره بۆ کەمترین ئاستی چوار مانگی رابردووی دابەزیووە
K24 – ههولێر:
ئاماژەکان بۆ ئەوەن گەشانەوەی ئابووری تورکیا ببێتە قوربانی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی ئهمهریكا و کۆنگرێسمانەکان هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری لێکرا، کە ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر داڕمانی لیرەی تورکی و نەبوونی متمانەی وەبەرهێنەرە بیانییەکان بە ئابووری تورکیا.
لیرەی تورکی دوای ئەوەی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بەهۆی سزاکانی ئهمهریكا و سەپاندنی پێناسی گومرگی، بەڵام دواتر رووی لە بەرزبوونەوە کرد. بەڵام ئێستا بەهۆی هێرشەکانی بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا جارێکی دیکە بۆ کەمترین ئاستی چوار مانگی رابردووی دابەزیووە.
لەم چەند مانگەی دواییدا لیرەی تورکی کەمێک گەشایەوە و رێژەی هەڵاوسان دابەزی، بە گوێرەی زانیارییەکان قەبارەی ئابووری تورکیا 766 ملیار دۆلارە، ئەوەش گەورەترین ئابوورییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام سەرەڕای قەبارەکەی لە گەورەترین دابەزیندایە کە لە دوو دەیەی رابردوویدا بە خۆیەوە نەبینیووە.
مانگی تەمووزی رابردوو بۆ پاڵپشتی وەبەرهێنەران و بوژاندنەوەی بازاڕ بانکی ناوەندی تورکیا رێژەی سوودی دابەزاند، بەڵام لە رۆژی پێنجشەممە 10ـەی ئەم مانگەوە، پێشبینییەکان بۆ بازاڕ هەڵگەڕاوەتەوە وەبەرهێنەران لە دڵەڕاوکێدان بۆ سەرمایەکانیان و هەست بە مەترسی دەکەن.
ئەو مەترسییەش وایکردووە تێچووی قەرز زیاتر بێت و کەرتی گەشتیاری تورکیاش سستبێتەوە، بە جۆرێک چەندی ئۆپەراسیۆنەکە درێژە بکێشێت ئەوا ئابووری تورکیا سستبوونەوەی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت.
سزاکانی ئهمهریكا
گەورەترین هەڕەشە سزاکانی ئهمهریكایە بۆ سەر ئابووری تورکیا، وەبەرهێنەران دەڵێن سەرمایەکانیان لە تورکیا لە ژێر هەڕەشەدایە، بە تایبەت دوای ئەوەی بەرپرسە بالاکانی کۆمارییەکان سوورن لەسەر سزادانی تورکیا بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر کوردی سووریا.
بە تایبەت سزا سەختەکانی لە لایەن لینزی گراهام گەورە سیناتۆری کۆمارییەکان کە پاڵپشتی بە هێزی دۆناڵد ترەمپە ئامادەکراوە، هەروەها سیناتۆرێکی دیکەی دیموکراتەکان پاڵپشتی لە سەپاندنی سزاکان دەکات و رەخنە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئهمهریكا دەگرێت بە کشانەوەی هێزەکانیان لە باکووری سووریا.
پێشنازی سزاکانی لێنزی گراهام چەندین ئامانج لە خۆدەگرێت وەک، قەواڵە سەرەکییەکانی لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە خاوەنداری دەکرێن، هەروەها پێنەدانی ڤیزە و سزادانی هەموو ئەو کەسانەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بۆ سەر باکووری سووریا بەشداریان کردووە یاخود پاڵپشتیان کردووە.
سەرەڕای ئەوە بە گوێرەی پلانەکەی گراهام تورکیا بە توندی سزا بدرێت بەهۆی کڕینی سیستەمی مووشەکی S-400ـی رووسی کە لە لایەن واشنتنەوە رەخنەی زۆری لێگیرا.
داکەوتنی ئابووری نوێ
ئۆلریش لویختمان سەرۆکی توێژینەوەی دراوەکان لە کۆمێرتز بانک لە فرانکفۆرت رایگەیاند، سەپاندنی سزای نوێ، "وێنای ئابووری تورکیا بە تەواوی دەگۆڕێ و پێشبینیشمان کردووە کە جارێکی دیکە ئابووری وڵاتەکە بچێتە قۆناغێکی دیکەی داتەپین، سەرەڕای ئەو دۆخە ئاڵۆزەی دوای قەیرانی 2018 بۆ دروستبووە و تا ئێستا پێوەی دەناڵێت."
لویختمان دەشڵێت،" هەرچەندە گوشاری سیاسی زیادبێت، ئەوەندە ئەگەرەکان بە سەپاندنی سزکان لەلایەن ئهمهریكاوە زیاتر دەبێت، بەوەش دۆخی ئابووری تورکیا لە سنوور دەردەچێت."
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو، سزاکانی ئهمهریكا بۆ سەر تورکیا سنووردار بوو بە جۆرێک پێناسی گومرگی بۆ سەر بەشێک لە هاوردەکراوی تورکی سەپاند، ئەوەش وەک گوشارێک بۆ ئازاد کردنی قەشە برانسۆن کە لەلایەن تورکیا بە تۆمەتی پاڵپشتی تیرۆر دەستگیرکرا بوو، بەڵام گوشاری سزاکان وایکرد ئەنقەرە قەشە برانسۆن ئازاد بکات.
ئەوکات بەهۆی سزاکان لیرەی تورکی 30% بەهاکەی لەدەستدا، بەڵام تەنیا بەهۆی هێرشی تورکیا لەم چەند رۆژەی دواییدا لیرە تورکی 3% بەهاکەی لە دەستداوە و بۆ سەرووی 5.90 لیرە بەرامبەر دۆلارێکی ئەمریکی دابەزیووە.
مامەڵەکارانی دراو دەڵێن، روون نییە لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تا چ ئاستێک دادەبەزێت، بۆ ئەوەش پێویستە بانکە حکوومییەکان دۆلاری زیاتر بخەنە بازاڕەوە بۆ ئەوەی لە شۆکی دابەزین لیرە بپارێزێت.
وەبەرهێنانی بیانی
بەهۆی ئەوەی ئابووری تورکیا پشت بە وەبەرهێنانی بیانی دەبەستێت، دیاریکردنی بەهای دراو کاریگەری راستەوخۆی دەبێت، کە ئەوەش لە لایەن سیاسەتی نەختینەییەوە ئاراستە دەکرێت. وەبەرهێنەران دەڵێن هەر جووڵەیەکی دراوی تورکی بۆ سەرووی 6 لیرە بەرامبەر دۆلارێک ئاماژە بەوەدەکات سەپاندنی سزاکان نزیکە و کاریگەری بەهێزی دەبێت.
مامەڵەکارانی دراو پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندی تورکیا تا کۆتایی ئەمساڵ رێژەی سوود لە 16.5% بۆ 15% دادەبەزێت، لە کاتێکدا شرۆڤەکاران تا پێنجشەممەی رابردوو پێشبینیان دەکرد بانکی ناوەندی تورکیا رێژەی سوود بۆ 13.5% دادەبەزێنێت.
تێکچوونی ئابووری گشتی
لە لایەن خۆیەوە ئاژانسی موودیز بۆ پلەبەندی ئابووری رایگەیاند، بەهۆی تێکچوونی ئابووری گشتی ئامانجی گەشەی ئابووری تورکیا لە ژێر هەڕەشەدایە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی مەزەندی پلانی ئابووری وڵاتەکە بۆ 3 ساڵی داهاتوو هاوتا نییە لەگەڵ گەشەی ئابووری وڵاتەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی لە قەیرانی کەڵەکەبووی داتەپینی دراو دەربچێت، کە 30% بەهاکەی لە ساڵی 2018 لە دەستدا و رێژەی هەڵاوسانیش بۆ بەرزترین ئاستی 15 ساڵی رابردووی بەرزبووەوە.
لە میانی قەیرانەکەدا، ئەنقەرە پێشبینی گەشەیەکی کەم و رێژەی هەڵاوسانی بەرزی دەکرد. بەڵام هەفتەی رابردوو پێداچوونەوەی بە پێشبینییەکانی کرد و گەشەی ئابووری ساڵی 2020 لە 3.5% بۆ 5% بەرزکردەوە، هەروەها پێشبینییەکانی بۆ رێژەی هەڵاوسان لەمساڵ و ساڵی داهاتوو دابەزاند.
هەروەها تورکیا هەفتەی رابردوو پێداچوونەوەی بە پێشبینییەکانی کرد و رایگەیاند پێشبینی دەکەن رێژەی کورتهێنانی بودجە بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆ بۆ 2.9% لە دوو ساڵی داهاتوو بەرزبێتەوە.
هاوکات پێشبینی دەکات کورتهێنانی تەرازووی مامەڵە بازرگانییەکان بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆ 1.2% لە ساڵی 2020 و 0.8% لە 2021 بێت.