توركیا: ئۆپەراسیۆنەكەمان لە باكووری سووریا بەردەوام دەبێت
"دژی رێكخراوە تیرۆرستییەكان تێدەكۆشین"
K24 - ئەنقەرە
وەزیری بەرگری توركیا رایدەگەیەنێت، ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەكەیان لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا بەردەوام دەبێت.
خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "گرێ سپی و سەرێكانی لەژێر كۆنترۆڵی ئێمەدان و ئۆپەراسیۆنەكەمان لە باكووری سووریا بەردەوام دەبێت. ئێمە دژی ھەموو رێكخراوە تیرۆرستییەكان تێدەكۆشین، خەباتی ئێمە دژی خەڵك نییە، بەلای ئێمەوە ئارامی و سەقامگیری كوردەكان لە توركیا و سووریا گرنگە".
گوتیشی: "لە عەین عیسا زیندانی داعش ھەبوون، یەپەگە ئەوانی ئازاد كرد و رۆیشتن، لەگەڵ ھاوپەیمانەكانمان ئەو پرسەمان تاوتوێ كردووە".
ھ.م