پەرلەمانی كوردستان رەوشی رۆژئاوای كوردستان تاوتوێ دەكات

گفتوگۆ لەبارەی دۆخی مرۆیی دەكرێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و رەوشی رۆژئاوای كوردستان تاوتوێ دەكات.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ كردنە لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و ھەڵوێستی خۆی لەسەر دوا پێشھاتەكان دەردەبڕێت".

ئاماژەی بەوەشكرد: "كۆبوونەوەكە لەسەر داوای فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمانە و بڕیارە تەنھا سەرۆك فراكسیۆنەكان بۆچوونی خۆیان دەربڕن، قسەش لەسەر ئەوە كراوە كە كۆبوونەوەكە داخراوبێت و لە میدیاكان بەشێوەی راستەوخۆ نەگوازرێتەوە، بەڵام تائێستا ئەوە یەكلا نەبووەتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ئەو پێشنیازە دەخرێتەڕوو كە شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات و لە راپۆرتێك لەسەر رەوشی مرۆیی ئامادە بكات".

پێشتر پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا نیگەرانی خۆی لەبارەی ھێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەربڕیبوو، داوای راگرتنی شەڕیشی كردبوو.

ئەمە لەكاتێكدایە لە 9/10/2019، توركیا و میلیشیاكانی سووریا كە شەڕ بۆ ئەنقەرە دەكەن ھێرشیان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد، بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 100 ھەزار كەس ئاوارە بوونە. رۆژی 13/10/2019 رێككەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حكوومەتی سووریا بە چاودێری رووسیا راگەیەندرا و رۆژی دواتر ھێزەكانی سوپای سووریا لە زۆربەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە بڵاوەیان پێكرا.

ھ.م