ھاوپەیمانی كوردستانی لەبارەی لۆگۆكەیان روونكردنەوە دەدات
ھەموو لایەنەكان كاندیدیان نابێت
K24 - ھەولێر
ھاوپەیمانی كوردستانی بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق روونكردنەوە لەبارەی لۆگۆی ھاوپەیمانیەتییەكە دەدات و رایدەگەیەنێت، تائێستا ھیچ لۆگۆیەك پەسند نەكراوە.
عەبدورەمان مستەفا سەرۆكی ھاوپەیمانی كوردستانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە سنووری پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: "ھاوپەیمانی كوردستانی لە سنووری نەینەوا 48 كاندید و لە كەركووك 26 كاندید و لە دیالە 22 كاندیدی دەبێت، تائێستا دیار نەكراوە لە سەڵاحەدین چەند كاندیمان دەبێت".
ھەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی پێشوو پێوەر دەبێت بۆ دیاركردنی كاندیدی لایەنەكان لەناو ھاوپەیمانی كوردستانی".
ھاوپەیمانی كوردستانی راشیگەیاند: "تائێستا ھیچ لۆگۆیەك بۆ ھاوپەیمانیەتییەكە پەسند نەكراوە و ئەوەی كە لە ھەندێك میدیا بڵاو دەكرێتەوە لۆگۆی ئێمە نییە".
ئەوەشیان خستەروو: "ھەموو لایەنەكانی ناو ھاوپەیمانی كوردستانی كاندیدیان نابێت".
لەبارەی گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك، خەسرۆ گۆران گوتی: "ئێمە ھەوڵدەدەین بە زووترین كات بگەڕێینەوە كەركووك و بارەگاكانمان وەربگرینەوە، چونكە ھەر ھێزێك بەشداری لە ھەڵبژاردن بكات مافی ئەوەی ھەیە لە ھەموو شارەكان بارەگای ھەبێت و بانگەشە بكات".
ھ.م