پڕۆژەیەك بۆ بە كولتووركردنی پاسكیل رادەگەیەندرێت

شەقامەكانی ناو زانكۆ بە ھێڵكاری پاسكیل دەنەخشێندرێن

K24 - سلێمانی

گرووپێکی خۆبەشانی ژینگە دۆستان، ھەستاون بە ھێڵکاری شەقامەکانی ناو زانکۆی سلێمانی، بەئامانجی پاک راگرتنی ژینگە و رێگری لە قەرەبالغی و بەکولتوورکردنی پاسکیل، لەنیا کچە خوێندکارێکی خۆبەشە و دەڵێ "ناوەستین تا پڕۆژەکەمان نەگەیەنینە تەواوی زانکۆکانی کوردستان".

بەو پڕۆژەیە رێگا دوور و درێژەکان بۆ خوێندکاران کورت دەکەنەوە. لەنیا ئاریان، دۆستێکی سه‌رسه‌ختی ژینگەیە، تاكه‌ ئامانجێك ھانیداوە تا خۆبەخشانە شوێنی دەستی لە دروستکردنی رێڕەوەکە بمێنێتەوە،  ئەویش پاکراگرتنی ژینگەیە لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل و بەکولتوورکردنی سوود وه‌رگرتن له‌ پاسکیل لە شوێنە گشتیەکاندا.

بە بتەنیا لەنیا نییە، خۆبەخشانە ھێڵکاری بۆ شەقامی زانکۆی سلێمانی بكات، بەڵکو چەند گەنجێکی تر بەھەمان شێوە سەرقاڵی جیاکردنی رێڕەوی پاسکیلن، لەگەڵ وەشاندنی ھەر فڵچەیەکیش ھەرچی پاشماوە فڕێدراوەکان ھەیە کۆیدەکەنەوە.

بەگوێرەی پڕۆژەكە لەمەودوا خوێندکاران لەبری ئۆتۆمبێل، پاسکیل دەبەنە ناو زانکۆوە، قەرەباڵغی پێش زانکۆ و ناوەوە نامێنی، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانیش پاڵپشتی بیرۆکەکەی کردووە و پێداویستییەکانی دابینکردووە، خۆبەخشانی ژینگە دۆستیش بەردەوام ھەوڵدەدەن تا لە تەواوی زانکۆکانی کوردستان ھەمان کار دووبارە بکەنەوە.

ھ.م