زۆربەی پۆستەكانی ھەڵەبجە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن

پێگەی ئافرەت لە ھەڵەبجە گرنگیی پێدەدرێت

K24 - ھەڵەبجە

پێگە و پلەوپایەی ژنان هەمیشە لەنێو هەڵەبجە گرنگی زۆری پێدراوە.  لە دێرزەمانەوە تاوەکو ئەمڕۆ کە زۆرێک لە پلە و پۆستە ئیدارییەکانی ئەم شارە لەلایەن خانمانەوە بەڕێوەدەبرێن،  ئەمەش بە ھەنگاوێكی گرنگ دادەندرێت بۆ ھاتنە پێشەوەی ژنان و بەشداریان لە پۆستە ئیدارییەكان.

شاژنی بێ تاجی شارەزور، نازناوی عادیلەخانم-ە ئەو خاتوونەی لەساڵی 1905وە لەپاش کۆچی دوای ھاوسەرەکەی فەرمان رەوایی شارەزوور و ھەڵەبجەی کردووە، عادیلە خانم توانی دەروازەی حکومڕانی بەڕووی ژنانی ھەڵەبجە بکاتەوە، بۆیە ئێستا بەشێک لە پۆستە ئیدارییەکانی شارەکە بە دەست ئافرەتەوەیە. نوخشە ناسیح یەکەم قایمقامی ئافرەتە لە شارەكە، ئەو پێی وایە کەش و ھەوای لەباری ھەڵەبجە ھۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەوەی توانای ئافرەتان دەربخات.

جگە لە پۆستی قایمقام پۆستی سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجەش بەدەست ئافرەتەوەیە، کوێستان ئەکرەم ماوەی چەند ساڵێکە سەرۆکی شارەوانی پارێزگای ھەڵەبجەیە، ئەو دەڵێت خانمانی ھەڵەبجە ھەمیشە شان بە شانی پیاوان کاری خۆیان کردوەو ھەرگیز خۆیان بەبێھێزتر لەوان نەبینیوە.

لەنێو زانکۆی ھەڵەبجەین، بۆ یەکەمین جارە لە ھەرێمی کوردستان خانمێک بە سەرۆکی زانکۆیەک ھەڵدەبژێردرێت، كە ئەمەش دوایین پۆستی گرنگی ئیداری  بووە بەخانمێکی ھەڵەبجەیی و بۆ زانکۆی ئەو شارە دیاری کراوە و ھەمووکات تاکەکانی ئەم شارە دەست و پەنجەیان لەگەڵ ھەبوونی خانمێک بە سەرۆک و بەڕێوبەری خۆیان نەرم کردووە، ھیچ گرفتێکیان لەگەڵ ئەوە نەبووە.

لە شاری ھەڵەبجە ھەمووکات خانمانی لە پێشبوون بۆ پێدانی پلە و پۆستەکان لەنێو شارەکە، ئێستا لەنێو ھەڵەبجە  پۆستی قایمقام، سەرۆكایەتی شارەوانی، سەرۆكایەتی زانكۆ ھەردوو دادوەری دادگای ھەڵەبجە و سەرۆكی مافی مرۆڤ و چەیدن پۆستی دیكە لە لایەن ئافرەتانەوە بەڕێوەدەبردرێن و ئەمەش بە ھەنگاوێكی گرنگ دادەندرێت بۆ ھاتنە پێشەوەی ئافرەتان و بەشداریان لە پۆستە ئیدارییەكان.

ھ.م