كەشناسی زانیاری لەبارەی شەپۆلی بارانبارین دەخاتەڕوو

كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان زانیاری لەبارەی ئەو شەپۆلە بارانبارینە دەخاتەڕوو كە رووی لە ناوچەكە كردووە.

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو ناسەقامگیرییەی كەشوھەوا كە ئەمڕۆ رووی لە ناوچەكە كردووە، پێشبینی دەكرێت چەند رۆژێك بەردەوام بێت و سبەی رێژەی بارانبارین لە ئەمڕۆ زیاتر دەبێت".

گوتیشی: "لە رۆژانی داھاتوودا ھەندێك كات ئاسمان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێ و بارانبارین بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت تا كۆتایی ھەفتە".

لەبارەی پێشبینیەكان بۆ رێژەی بارانبارین فازڵ ئیبراھیم گوتی: "بەگوێرەی پێشبینیەكان بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەمساڵ وەك ساڵی پار نابێت، چونكە ساڵی رابردوو رێژەی بارانبارین زیادی كردبوو، كە لە ھەندێك ناوچە لە سەرووی 2 ھەزار ملم باری، كە دووھێندەی رێژەی خۆی بوو، بەڵام بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەكرێت رێژەی ئاسایی خۆی ببارێت".

سەبارەت بە بەفربارینی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ رێژەی بەفربارین لە رێژەی ئاسایی خۆی بێت كە ساڵانە لە ھەرێمی كوردستان دەبارێت".

ھ.م