ئەردۆغان ژمارەی كوژراوانی سوپای توركیا ئاشكرا دەكات

"ئەمەریكا بەڵێنەكان جێبەجێ نەكات ئۆپەراسیۆن دەست پێدەكەینەوە"

K24 - ھەولێر

سەرۆك كۆماری توركیا رایدەگەیەنێت، تائێستا 7 سەربازی توركیا و 79 چەكداری میلیشیاكانی سووریای سەر بە ئەنقەرە لە ھێرشەكانیان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كوژراون.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا پێش بەڕێكەوتنی بۆ رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: "كە تائێستا 7 سەربازی توركیا و 79 چەكداری میلیشیاكانی سووریا كوژراون".

بەگوتەی ئەردۆغان، لە بەرامبەردا 775 ئەندامی یەپەگە گیانیان لەدەستداوە.

راشیگەیاند: "لەگەڵ ئەمەریكا رێككەوتووین كە ھێزەكانی یەپەگە لە سنوورەكە نەمێنن، ئەگەر ئەمەریكا بەڵێنەكەی جێبەجێ نەكات ئۆپەراسیۆن دەست پێدەكەینەوە".

ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەكرد: "تائێستا بەشێك لە ھێزەكانی یەپەگە كشاونەتەوە و 1200 ئەندامی یەپەگە ماون بكشێنەوە، دەگوترێت ئەوانیش دەكشێنەوە".