ئەردۆغان باسی گورز وەشاندن دەكات
"سەربازی رووسیا و رژێم ئارەزووی ئەوە ناکەن لە قامیشلۆ رووبەڕووی ئێمە ببنەوە"
K24 - ھەولێر
سەرۆك کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، لە سەردانەكەیدا بۆ رووسیا و رێككەوتن لەگەڵ پوتن گورزی وەشاندووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دوای گەڕانەوەی لە رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەو رێککەوتنەی کە ئامانج لێی سەقامگیری و ئاشتی سووریایە، لە دوای ھەوڵێکی چڕ بە ئەنجامی چاوەڕوانکراو گەیشتووە. بەم رێککەوتنە، گورزێکی دیکەمان لە رێڕەوی تیرۆر وەشاند. ھەنگاوێکمان نا کە یەکپارچەیی خاکی سووریا بەھێزتر دەکات. دەستکەوتێکی باشمان بەدەستھێنا لە قۆناغی ئاستانا".
سەبارەت بەوەی كە پێشتر گوتبوی قامیشلۆ بەدەرە لە پرۆسەی گەڕانی ھاوبەش، ئەردۆغان گوتی: "تایبەتمەندی قامیشلۆ ئەمەیە: قامیشلۆ لە ئێستا سەربازی رووسیا و رژێمی لێیە. بۆیە ئارەزووی ئەوە ناکەن لەو شوێنە رووبەڕووی ئێمە ببنەوە. ئێمەش ئارەزووی ئەوەمان نەبووە و ھەر لەسەرەتاوە نەچووینەتە قامیشلۆ".
لەبارەی چوونی ھەسەدە بۆ نێو سوپای رژێمی سووریا، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند: "لەمبارەیەوە ئەم پرسەم بەبیر پوتین ھێنایەوە، ئەو گوتی"رێگە بەمە نادەین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
ئەردۆغان، گوتیشی: "رووسیا زۆر جار داوای لێکردووین بچینە ناو کۆبانێ، بەڵام ئەمەریکا بە پێچەوانەوە ھەوڵی دەدا نەچینە ئەوێ. لە راستیدا ئەم ھەوڵانە لەسەردەمی ئۆباما وابوو. دەزانن ئۆباما بە فڕۆکە چەک و تەقەمەنی و ھەموو پێداویستییەکی بۆ کۆبانی دادەگرت. لەوێوە بە کۆمەڵ روویان لە وڵاتەکەمان کرد. ئەگەر ئەمڕۆ 350 ھەزار ھاوڵاتی کۆبانێ لە وڵاتەکەمان بن ئەوە ھۆکاری سەرەکی ئۆباما-یە".
ھ.م