شێخ و موریدانی تەریقەتەکان لە مووسڵ دەست بە چالاکییەکانیان دەکەنەوە

دوای داعش سۆفییەكان دێنەوە مەیدان

K24 - ھەولێر

هەمیشە زەرگ لەخۆدانی سۆفی و دەروێشەکانی تەریقەتە جیاوازەکان، جێی سەرنج و مشتومڕی خەڵک بووە، سۆفییەکان دەچنە حاڵەتێکی رۆحی وا، کاتێک چەقۆ و بزمار دەخەنە ناو جەستەیانەوە، نە ئازار دەچێژن و نە خوێن لە جەستەیان دێت.

دوای نەمانی داعش لە مووسڵ، شێخ و موریدانی تەریقەتەکان، دەستییان بەمجۆرە چالاکیانە کردووەتەوە و لەرێگەی دەف لێدان و گوتنەوەی مەدەد و نزا و زەرگ لەخۆدان، دەیانەوێت خۆیان لە خوا نزیک بکەنەوە.

لەوانەیە زەرگ لە خۆدان، لەلای هەندێک ترسناک بێت، بەڵام بۆ سۆفییەكان مانای خۆنزیک کردنەوەیە لە خوا. بە رای سۆفی و دەروێشی تەریقەتەکان، ئەمجۆرە کردەوانە بۆ پاکبوونەوەیە گوناح و تاوانەکان و بەڵگەی سەلماندنی باوەڕییانە.

محەمەد عەبدوڵا نعێمی، پیاوی ئایینی رێبازی سۆفیگەری دەڵێ: "لەم بۆنە ئایینیانەدا جۆرێک لە حاڵەتی گیانی لای کەسەکە روودەدات، کە دوورە لە نائیرادی، بەڵکو روحانییە ئەمەش جۆرێکە لە کەرامات و باوەڕ، خەڵک لە ئایینی دیکەوە بەهۆی ئەمەوە بووەتە موسڵمان، چونکە ئەمە شتێکی بەرجەستەیە".

ھەروەھا سۆفی شاهین مەحموود موسا پێی وایە: "ئەگەر کەسێکی ئاسایی ئەم لێدانە یان بزمارێک شتێکی وا لە خۆی بدات، هەست بە ئازار دەکات، بەڵام وەک خۆتان بینیتان، ئێمە کاتێک زەرگ لەخۆمان دەدەین نە ئازارمان هەیە و نەخوێن لە جەستەمان دێت، هەندێک دەڵێن ئەمە پەرجووە، بەڵام راست نییە ئەمە جۆرێکە لە داواکاری، مەدەد".

 ھ.م