نرخی زێڕ دادەبەزێت
مەترسییەکان بە سستبوونەوەی گەشەی ئابووری نرخی زێڕ دادەبەزێنێت
K24 - ھەولێر
نرخی زێڕ لەگەڵ یەکەم رۆژی کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە، دوای ئەوەی بۆ کەمترین ئاستی سێ مانگی رابردووی دابەزی، کە هۆکارەکەی مەترسییە بەردەوامەکانە بە جەنگی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و چین و ئەگەرەکان بە سستبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان.
نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.3% بۆ ئاستی 1462.83 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، و لە گرێبەستە داهاتووەکانی ئەمەریکاش بە ئاستی 1462.90 دۆلار بۆ ئۆنسەیەک جێگیر بوو.
براین لان لە گۆڵد سیلڤەر سێنتراڵ لە سەنگافوورە رایگەیاند، "نرخی زێڕ زۆر دابەزیووە، ئەوەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بیقۆزنەوە و دەست بە کڕینی بکەن، کە تا ئێستا پەناگەیەکی ئارامە و بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لە نادڵنیاییەکان بەکاری دەهێنن، ئەوەش وادەکات لەگەڵ بەردەوامی جەنگی بازرگانی و کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەی ئابووری جیهان نرخی زێڕ بەرزبێتەوە".
ئەو شڕۆڤەکارە دەشڵێت، خواستی کڕین لە لایەن بانکە ناوەندییەکان و بە تایبەت بانکی ناوەندی چین پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی ئەو کانزا زەردە دەکات.
ئەمە دوای لێدوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە رۆژی شەممە 9ـی ئەم مانگە رایگەیاند، دانوستاندنە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچن، بەڵام واشنتن هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ پەکین ناکات تا دڵنیا نەبێت باشترین بژاردەیە بۆ ئەمریکا.
هاوکات ترەمپ گوتیشی، هەندێک راپۆرت بڵاوکرایەوە کە ئەمەریکا ئامادەیە پێناسە گومرگییەکان لە سەر کاڵای هاوردەکراوی چین وەک قۆناخی یەکەمی رێککەوتن هەڵبگرێت، بەڵام ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.
لەسەر ئاستی کانزاکانی دیکەش، زیو بە رێژەی 0.4% بۆ ئاستی 16.87 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، پلاتین بە ئاستی 886.53 دۆلار بۆ ئۆنسەیەک جێگیر بوو، و پلادیۆمیش بۆ 1754 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.
ھ.م