ئەڵمانیا یەکەم خێزانی داعش لە سووریا دەباتەوە وڵاتەکەی

خێزانێکی داعشی ئەڵمانی بۆ وڵاتەکەیان دەگوازرێنەوە

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسانی ئەڵمانیا ژنە داعشێکی بە رەگەز ئەڵمانی بۆ وڵاتەکەیان دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانی، ژنێکی تەمەن 30 ساڵ بە ناوی لاورا، لە ساڵی 2016 پەیوەندی بە داعشەوە لە سووریا کردووە، ئێستا لەگەڵ سێ منداڵەکەی لە کامپی هول لە باکووری سووریا کە کوردەکان پارێزگاری لێدەکەن زیندانی کراون.

شپیگەل ئاشکرایکردووە، لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو ژنە لە عێراقەوە بۆ ئەڵمانیا دەگوازرێتەوە و دەبێتە یەکەم ئەندامی رێکخراوی داعش کە ئەڵمانیا بۆ وڵاتەکەی خۆی بگەڕێنێتەوە.

پێشتر بەرپرسانی ئەڵمانیا ئەوەیان ئاشکرا کردبوو کە ژنێکی ئەڵمانی و سێ منداڵەکەی کە لە سووریا زیندانین بۆ عێراق دەگوازرێنەوە، بەڵام زانیاری زیاتری لەبارەیان ئاشکرا نەکردبوو.

چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، داوای لە وڵاتانی ئەوروپی کردبوو کە هاووڵاتییە داعشییەکانیان لە سووریاوە بۆ وڵاتەکانیان بگوازنەوە، بەڵام ئەوروپیەکان بەو کارە هەڵنەستان.

DW