هەماهەنگیی نهێنیی حووسی و میلیشیا عێراقییەکان دژی سعوودیە ئاشکرا دەبێت

ئەسۆشێتید پرێس بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد، ئەو هێرشەی تەممووزی رابردوو کرایە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە، لەلایەن گرووپە عێراقییەکان و بە پاڵپشتیی بزووتنەوەی ئەنسارووڵای حووسی ئەنجامدراوە. ئەمە ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی ئێران بە ئامانجی پێکهێنانی بازنەیەکی نوێی بریکارەکان بۆ هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئەو ئاژانسە لە راپۆرتێکدا روونیکردەوە، سعوودیە و ئەمریکا تەممووزی رابردوو زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر گرووپە عێراقییەکان، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسیارێتیی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستە ئەستۆی ئەو گرووپانە، کە دوو دامەزراوەی نەوتیی سعوودیەی کردبووە ئامانج، لە کاتێکدا حووسییەکان پێشتر بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرتبوو.

بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەکە، حووسییەکان یارمەتیی گرووپە عێراقییەکانیان داوە لە داڕشتنی نەخشە و جێبەجێکردنی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە دوو رۆژی خایاندووە، ئەمە ئاستێکی نوێی هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا نیشان دەدات. شارەزایان پێیان وایە ئێران گرووپە عێراقییەکان و حووسییەکان بەکاردەهێنێت بۆ هەڕەشەکردن لە سعوودیە و هاوپەیمانانی دیکەی ئەمریکا لە کەنداو، ئەوەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تێچووی ئەو شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان پێکردووە.

راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە کە ئەمە ستراتیژییەکی پڕمەترسییە و هەر هەوڵێکی نوێی ئەمریکا بۆ گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران، رەنگە ببێتە هۆی زیاتر پەرەسەندنی بارگرژییەکان. دوو بەرپرسی سعوودی بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراق، تێوەگلانی حووسییەکانیان لە هێرشەکەی عێراق پشتڕاستکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، نوێنەرانی حووسی لە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنەکاندا کاریان کردووە کە لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.

بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە دەریدەخات، هێرشە هاوبەشەکانی سعوودی-ئەمریکی بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 20 عێراقی و 6 راوێژکاری ئێرانی، لەگەڵ کوژرانی لانیکەم بەرپرسێکی حووسی. مردنی ئەو بەرپرسە حووسییە کە پێشتر بڵاونەکرابووەوە، لەلایەن بەرپرسێکی حووسی و ئەندامێکی میلیشیا عێراقییەکەوە پشتڕاستکراوەتەوە.

بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا نیگەرانیی واشنتنی لە بوونی حووسییەکان لە عێراق و توانای ئەوان بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دیکە دەربڕی. لە بەرامبەردا بەرپرسانی حەشدی شەعبی رەتیانکردەوە حەشدی شەعبی لە هێرشەکەی سەر سعوودیە تێوەگلابێت، یان حووسییەکان لەژێر چاودێریی ئەواندا چالاک بن. هاوکات لە ماوەی شەڕی غەزەدا، هەماهەنگیی نێوان میلیشیا عێراقییەکان و حووسییەکان پەرەی سەندووە و لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل هەماهەنگ بوون.

ئەحمەد ناجی، گەورە شرۆڤەکاری کاروباری یەمەن لە کۆمەڵەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، بەهێزبوونی حووسییەکان لە ماوەی شەڕی غەزەدا ئاسۆیەکی نوێی لە عێراق کردووەتەوە، چونکە چەندین گرووپ لەوێ ئارەزووی پشتیوانیکردنی حووسییەکانیان هەیە و ئەوانیش دەستیان بە هاوبەشیکردنی ئەزموونی سەربازییان لەگەڵ میلیشیا عێراقییەکان کردووە، ناجی گوتی: "وەکوو گوشار لەسەر سعوودیە دروست دەکەن".

پێش هێرشەکە، حووسییەکان گەمارۆیەکیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی سعوودیە لە دەریای سوور راگەیاندبوو. ئادەم براون، شارەزای کاروباری یەمەن لە سەنتەری ئەمریکای نوێ دەڵێت، حووسییەکان ئامادەن لە ماوەی کورتدا ئازار بچێژن لەپێناو ئەوەی بە دەستکەوتی درێژخایەن دەزانن، وەک فراوانکردنی دەسەڵاتیان لە درێژایی کەناراوەکانی دەریای سوور.

ئەلیزابێس کیندال، شارەزا لە زانکۆی کامبریدج گوتی، حووسییەکان زۆرجار بە توندکردنەوەی کردەوە دوژمنکارییەکانیان وەڵامیان داوەتەوە، لە کاتێکدا شەڕی نوێ رەنگە رێگەیان پێ بدات کۆنترۆڵی ناوچە دەوڵەمەندەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی یەمەن بکەن. کیندال ئاماژەی بەوە کرد، سعوودیە بە شێوەیەکی دیار دوودڵە لەوەی راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر حووسییەکان، بەڵام ئەگەر ئەو گرووپە بەردەوام بن لە پەرەسەندنی کردەوەکانیان، سعوودیە ناچار دەبێت بە یەکلاکەرەوەیی رەفتار بکات.