ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كاروانێكی دیكه‌ی هاوكاریی گه‌یانده‌ رۆژئاوای كوردستان

له‌ چل ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر پێكهاتووه‌

K24- زاخۆ:

به‌ مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی ئاواره‌كانی رۆژئاوای كوردستان كه‌ به‌هۆی هێرشی توركیاوه‌ ئاواره‌بوونه‌ و شوێنه‌كانیان جێهێشتووه‌، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كاروانی شه‌شه‌می هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی گه‌یانده‌ رۆژئاوای كوردستان.

له‌باره‌ی ئه‌و هاوكاریانه‌ش، پیر دەیان جەعفەر، سەرپەرشتێ کاروانەکە ئاشكرای ده‌كات، كاروانی هاوكارییه‌كان له‌ چل ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر پێكهاتووه‌ و باره‌كه‌یان له‌ هه‌زار و 700 چادر، 9 هه‌زار دۆشه‌ك، 2 هه‌زار و 600 فلته‌ری ئاو، 600 كارتۆنی جلوبه‌رگی زستانه‌ پێكهاتوون.

ده‌شڵێت: به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ مانگی سوور له‌ رۆژئاوای كوردستان هاوكارییه‌كانمان ده‌گه‌یه‌نینه‌ سنووری حه‌سه‌كه‌.

بۆ ئاسانكاریش له‌پێناو گه‌یاندنی ئه‌و هاوكاریانه‌ به‌ رۆژئاوای كوردستان، شه‌وكه‌ت به‌ربوهاری، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی سنووری پێشابوور ده‌ڵێت: هه‌موو ئاسانكارییه‌كمان له‌ ده‌روازه‌كه‌ كردووه‌، نه‌ك ته‌نیا بۆ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، به‌ڵكو بۆ هه‌ر لایه‌نێك كه‌ بیه‌وێت هاوكاری مرۆیی بگه‌یه‌نێته‌ رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی باش له‌ نێوان ئێمه‌ و ده‌روازه‌ی سێمالكا له‌ دیوی رۆئاوای كوردستان هه‌یه‌.  

H.B