300 هەزار یەمەنی بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە رۆژئاوای یەمەن، زیاتر لە 300 هەزار کەس ئاوارە بوون. رێکخراوەکە ئاشکرایکرد، زۆربەی هەرە زۆری ئەو ئاوارەبوونانە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمارکراون.
یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە بەیاننامەیەکدا داوای لە سەرجەم لایەنەکانی ناکۆکییەکە کرد، پارێزگاری لە مەدەنییەکان و کارمەندانی بواری مرۆیی بکەن. هەروەها جەختیکردەوە، دەستەبەرکردنی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە سەلامەتی و بێ کۆسپ، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پارێزگای تەعز کە دەستڕاگەیشتن پێیان دژوارە.
عەبدولستار عیسایێڤ، سەرۆکی تیمی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە یەمەن گوتی: "دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک لە ناکۆکییەکان، خێزانەکان لە یەمەن جارێکی دیکە ناچار دەبن هەڵبێن و زۆرجار جگە لەو جلانەی لەبەریانە هیچی دیکەیان پێ نییە".
عیسایێڤ روونیکردەوە، ئاوارەکان پێویستییەکی زۆریان بە پەناگە، خۆراک، ئاوی پاک و خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە. هۆشداریدا، بێ دابینکردنی بوجەی زیاتر، هەزاران خێزان مەترسی ئەوەیان لەسەرە بێ ئەو یارمەتییانە جێبهێڵدرێن کە زۆر پێویستیان پێیەتی.
دوای چوار ساڵ لە هێمنی، یەمەن لە مانگی تەممووزەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاوەتە نێو جەنگ.
لە مانگی ئەیلوولدا، شەڕەکان چڕتر بوونەوە و حوسییەکان پێشکەوتنیان لە زەویدا بەدەستیانهێنا، بەشێوەیەک دەستیان بەسەر کەناراوەکانی رۆژئاوا و ناوچەی گەرووی باب مەندەبدا گرت کە خاڵێکی ستراتیژی تێپەڕینی کەشتییەکانە لەنێوان ئەوروپا و ئاسیا.
لەوەتەی ئەو پێشهاتانە روویان داوە، سعوودیە کە پاڵپشتی لە حکوومەتی یەمەنی دانیپێدانراوی نێودەوڵەتی دەکات، بەردەوامە لە بۆردومانکردنی پێگەکانی حوسییەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو شانشینە چڕ کردووەتەوە.
شەڕەکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان. بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە تەعز تێچووی پێداویستییە سەرەکییەکان سێ بۆ پێنج هێندە زیادی کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو شەڕانەی رێگری لە گەیشتنی هاوردەکان لە ناوچە دراوسێکانەوە دەکات.
ئێستا پێنج تیمی پزیشکی گەڕۆک سەر بە رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە چوار پارێزگای مەئریب، لەحج، عەدەن و تەعز خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکەن.
لەسایەی زیادبوونی پێداویستییە مرۆییەکان، رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ قەبارەی ئەو بوجەیەی بۆ شەش مانگی داهاتوو پێویستە بە نزیکەی 45 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت. ئەو بوجەیە بۆ دابینکردنی یارمەتییە رزگارکەرەکانی ژیان، لەنێویاندا پەناگە، یارمەتی دارایی فریاگوزاری، خزمەتگوزاری تەندروستی، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، خزمەتگوزارییەکانی ئاوەڕۆ و پاراستنی ئاوارەکان تەرخان دەکرێت.