لە سلێمانی پزیشکێک و هاوکارێکی بە تۆمەتی بردنی 1500 دەفتەر دۆلار دەستگیر کران
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری سلێمانی تایبەت بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، پزیشکێکی پسپۆڕ بە هاوکاریی کەسێکی دیکە لەژێر ناوی بازرگانیکردندا، نزیکەی 1500 دەفتەر دۆلاری هاوکارەکانی و کارمەندانی نەخۆشخانەیەکیان بردووە و لە ئێستاشدا هەردوو تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئەمنییەی سلێمانی کە بە کوردستان24ـی راگەیاند "تۆمەتبارە سەرەکییەکە پزیشکێکی پسپۆڕە لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی؛ ناوبراو بە هاوکاریی کەسێکی دیکە لەژێر ناوی هێنانی مۆبایل لە دوبەیەوە، پارەیەکی زۆری لە پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکە وەرگرتووە بە مەبەستی بازرگانیکردن پێی و لە سەرەتادا بڕێک قازانجیشی پێ داون."
وەک سەرچاوەکە ئاماژەی پێدا "دواتر ئەو پزیشکە و هاوبەشەکەی بە بیانووی ئیفلاسبوون پارەکەیان نەگەڕاندووەتەوە، بە گشتی بڕەکەی نزیکەی 1500 دەفتەر دۆلار (15 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی) مەزەندە دەکرێت. تەنانەت پزیشک هەبووە بڕی 150 دەفتەر دۆلاری پێداون و کەمترین بڕە پارەش کە وەریانگرتووە 16 دەفتەر دۆلار بووە."
سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئێستادا ئەو پزیشکە و هاوکارەکەی دەستگیر کراون و دەڵێت "کەیسەکە سەرەتا لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بووە، بەڵام دواتر بەهۆی قەبارەی پارەکە و کەیسەکەوە رەوانەی ئاسایش کراوە و لەوێ لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە."
هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، ئەمڕۆ 17 کەس لەو پزیشک و کارمەندانەی پارەکانیان لای ئەو دوو تۆمەتبارەیە، سەردانی ئاسایشی سلێمانییان کردووە و بە فەرمی سکاڵای یاساییان لە دژی ئەو پزیشکە و هاوبەشەکەی تۆمار کردووە.