چەند بەڵگەیەکی خۆکوشتنی بە کۆمەڵی ئەڵمانییەکان دوای کەوتنی هیتلەر ئاشکرا دەکرێت

چەند لایەنێکی شاراوەی کەوتنی هیتلەر دەخرێتەڕوو

K24 – هه‌ولێر:

رۆژانێک پزیشکی پایەداری نازییەکان بوو، ئێستا لەسەر مێزەکەی کە تەلەفون و نووسراوەکانی رۆژانەی لەسەرە، سەری بۆ هەمیشە دانەواندوە. ژن و کچەکەشی، جلێکی جوان و گرانبەهایان لەبەرە، لەسەر کورسی و قەنەفەیەک، جەستەی کوژراویان پاڵخستووە. ئەمانە هەمووی لە وێنەی فۆتۆگرافەرێک لە ماڵی د. کورت لیسۆ لە مانگی چواری ساڵی 1945 لە ئەڵمانیا دەرکەوتون.

کاتێک هێزەکانی ئەمەریکا لە شاری لێیپزیگی ئەڵمانیا نزیک بوونەوە، سوپای یەکێتی سۆڤیەتیش هاتنە بەرلین، هیتلەر شکستی تەواوەتی هێنا، ئەم خێزانە و زۆر خێزانی دیکە، بڕیاریاندا خۆیان بکوژن، تاوەکو نەکەونە ژێر دەستی هێزەکانی ئەمەریکا و رووسیا کە لە دوولای جیاواز لە ئەڵمانییەکان نزیک دەبوونەوە. 

مارگارێت بۆرک وایتی فۆتۆگرافەر دەڵێت، لەو شارە کە ئەمەریکییەکان ئاهەنگی سەرکەوتنان تیایدا دەگێڕا، بەشێک لە خانەوادە نازییەکان و کارمەندانی حکوومی، لەناو ئۆفیس و ماڵەکانیان خۆیان کوشتبوو.

خۆکوژییەکی گەورە لە دوای جەنگی جیهان دووەم لە ئەڵمانیا هەبوو، بەڵام ئەو دۆخە زۆر کەم بایەخی پێدرا و باسکراوە چونکە نازییەکان لەو کاتەدا، هەموو لایەنەکان دژیان بوون. گەلی ئەڵمانیاش، ئەوانەی دوای رووخانی نازییەکان وڵاتەکەیان دووبارە دروستکردەوە، بڕیاریاندا گرنگی بە خۆکوژیی ئەو هاووڵاتیانە نەدەن.

مێژووناس فلۆریان هوبەر، دۆکیومێنتەریەکی لەسەر ئەو رەوشە کردووە و ئێستا بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە. 

باوکەکان بە منداڵەکانیان دەگووت، بەڵێن بدە کە دواجار خۆت دەکوژیت، رۆڵەکەم، ئیتر هەموو شتێک تەواو. بەگوێرەی بەڵگەکان، باوکە نازییەکان باوەشیان بە منداڵ و خێزانەکانیان دەکرد و ماچی دەکردن، دواتر پێکەوە هەموو خۆیان دەکوشت. ژمارەکەشیان بە دەیان هەزار بووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی سوپای سووری ستالین، نازییەکان بە ئەڵمانییەکانیان گووت، هاوشێوەی مەغۆلەکان، سوپای سوور دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەرتان، لاقەتان دەکەن و ئەشکەنجەتان دەدەن چونکە ئەوان بە دوای تۆڵەوەن.

لە شارۆچکەیەکی بچووکی وەک دێمین، ژمارەی دانیشتوانەکەی 15 هەزار کەسبوو، 600 کەس خۆیان کوشت. خەڵکەکە خۆیان بە بنمیچی ماڵەکان یاخود دارە گەورەکانی باخچەکان هەڵدەواسی و کۆتایین بە ژیانی خۆیان دەهێنا. هەندێکی دیکە ژەهریان دەخوارد، یاخود بە تەنێکی تیژ شا دەماری دەستیان دەبڕی، یانیش خۆیان دەخستە ناو رووبارێک و خۆیان دەخنکاند. دایکان منداڵەکانیان کۆ دەکردەوە، گوێنییەک بەردی پێوە دەبستن و دەیخستنە ناو چەم و رووبارەکان. ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوەبوو، زۆربەی قوربانییەکان منداڵ بوون.

فەرماندەیەکی نازییەکان وێنەیەکی هیتلەری بەدەستەوەیە و خۆی کوشتووە   ساڵی 1945
فەرماندەیەکی نازییەکان وێنەیەکی هیتلەری بەدەستەوەیە و خۆی کوشتووە ساڵی 1945

هۆکاری پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە ئەوەبوو، هیتلەر خۆی هەمان کاری لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکەی کرد، تەنانەت دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، کوڕە هەرزەکارە نازییەکان، لە شەقامەکانی بەرلین، ژەهر و دەرمانی خۆکوشتنیان بە خەڵکی دەدا، تاوەکو دوای هیتلەری رابەریان، ئەوانیش زیندوو نەمێنن چونکە هیلتەر مەرگی هەڵبژاردووە و نایویستووە بکەوێتە ژێر دەستی داگیرکەران.

بەگوێرەی داتاکان، 74 فەرماندەی سەربازیی نازییەکان، لە ماوەیەکی کەمدا خۆیان کوشتووە. هەروەها، لە یەکەم رۆژی کەوتنی بەرلین، 10 هەزار خانم خۆیان کوشت.

مامۆستایەک لە قوتابخانە بە فێرخوازەکانی گوتبوو، ئەگەر ئێوە سوکایەتیتان پێکرا، هیچ بژاردەیەکتان جیا لە مردن نییە. بەمەش، کچی گەنج، تازە هاوسەرانیش، بە رێگای جیاواز خۆیان دەکوشت.

لە راستیدا، خۆکوشتنەکە وردە وردە تەواوی چین و توێژەکانی گرتەوە. دایکێک لە دوای خۆی نامەیەکی جێهێشتووە و نووسیویەتی: "جیهانێک لەسەر بنەمای سۆشیاڵیزمی نەتەوەیی دروست دەبێت، ئەمەش جیهانێکە شایەنی ئەوە نییە منداڵە باشەکانی منی تێدا بژین. بۆیە هەموویان لەگەڵ خۆم دەبەم".

مێژووناسەکە لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، بۆچی بەشێک لە ئەڵمانییەکان مردنیان بە تاکە رێگای رزگاریی دادەنا دەڵێت، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە هیتلەر نەک بە تەنها سامانی ئەڵمانیایەکانی کۆنتڕۆڵ کردبوو، بەڵکو وێنەی خود و شوناسیشیانی کۆنتڕۆڵکردبوو.

هیتلەر وای لە خڵکەکەی کردبوو کە خۆیان لە سەروو هەموان ببینن، چاوەڕێی ژیانێکی پڕشکۆ بکەن و ئابووری و سیاسییەتێکی بەهێزیان هەبێت، بەڵام هەموو ئەمانە لە کاتێکی کەمدا گۆڕدرا، سەربازە داگیرکەرەکان کچ و ژنە ئەڵمانییەکانیان بە کۆمەڵ لاقە دەکرد، وڵات پڕبوو لە سەربازی کوژراو و بریندار، بۆمب و فرمێسک دەباری، لەو شوێنانەشی کە رۆژانێک، بڕیاری گرنگی لێدەدرا، بەرلین.

 Promise Me You’ll Shoot Yourself by Florian Huber is published by Allen Lane