ناتانیاهۆ بۆ سوپای ئیسرائیل: بە چڕی حزبوڵڵا بۆردومان بکەن

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد بە هێزێکی زۆرەوە ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە ناو خاکی لوبنان بۆردومان بکەن.

شەممە 25ـی نیسانی 2026، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ناتانیاهۆ  فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە بە هێرشەکانیان بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان چڕ بکەنەوە و بە توندی ئامانجەکانیان بپێکن. 

ئەم بڕیارەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێت، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حزبوڵڵای لوبنانی  بە موشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی ئیسرائیل، لە بەرانبەریشدا سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر باشووری لوبنان دەستپێکردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانەدا، ئیسرائیل بۆردومانەکانی چڕ کردووەتەوە بە بۆردومانکردنی ناوچەی "یەحمەر ئەلشەفیق" لە قەزای نەبەتیە، بە هۆیەوە 4 هاووڵاتی لوبنانی کوژراون. 

سوپای ئیسرائیل سەرەڕای باسکران لە درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەردەوامە لە رووخاندنی باڵەخانەکان لە چەند گوندێکی سنووری و هۆشداریشی داوەتە ئاوارەکان کە نەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی باشوور و سێ دۆڵی دەوروبەری ئەو ناوچانە.

هەینی 24ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، مایک هەکەبی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل و میشێل عیسا باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان ئامادە بوون.

ترەمپ رایگەیاند، کۆبوونەوەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ئەمریکا پابەندە بە هاوکاریکردنی حکوومەتی لوبنان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی لە بەرانبەر حزبوڵڵادا. وەک دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش، بڕیار درا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە درێژ بکرێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا میوانداریی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان دەکات بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان. ترەمپ ئەم کۆبوونەوەیەی بە شەرەفێکی گەورە و رووداوێکی مێژوویی وەسف کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، پاش زنجیرەیەک گفتوگۆی ئەرێنی و چڕ لەگەڵ سەرکردەکانی لوبنان و ئیسرائیل، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی فەرمی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 10 رۆژ، بە ئامانجی زەمینەسازی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

سێشەممە، 14ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی مێژوویی کرد بە ئامادەبوونی شاندی باڵای ئیسرائیل و لوبنان بە چاودێریی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

بە پێی راگەینەراوی هاوبەشی نێوان سێ وڵاتەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی بەرهەمدار ئەنجام دراوە سەبارەت بە هەنگاوەکانی دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.