له باره‌ی ئیدلبه‌وه رووسیا به‌ڵێنێك به توركیا ده‌دات
هێرشه‌كانی سوپای سووریا، توركیای نیگه‌ران كردووه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، رایگه‌یاند، رووسیا له باره‌ی هێرشی هێزه‌كانی سووریا بۆ سه‌ر ئیدلب، به‌ڵێنی به ئه‌نقه‌ره داوه.
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، ئیبراهیم كالن، گوتی: تێبینی ده‌كه‌ین، هێرشه‌كان له سنووری ئیدلب زیاتر بوونه. له‌و باره‌یه‌وه په‌یامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان ئاراسته‌ی لایه‌نی رووسی كردووه، له وه‌ڵامدا مۆسكۆ له دانووستانی له‌گه‌ڵ شاندی توركیا له رووسیا به‌ڵێنی داوه هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ راگرتنی هێرشه‌كان له واده‌ی 24 كاتژمێردا.
ئیبراهیم كالن ئه‌وه‌شی گوت: پێشبینی ده‌كه‌ین هێرشه‌كان ده‌ستبه‌جێ بۆ سه‌ر ئیدلب رابگیرێن و ئه‌وه‌ش پێویستی به رێككه‌وتنێكی نوێی ئاگربه‌ست هه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پرسی پارێزگای ئیدلب په‌یوه‌سته به به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌تی رووسیاشه‌وه.