توركیا دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕ

توركیا پارێزگاری لە بەھای دراوەكەی دەكات

K24 - ھەولێر

بانكە حكوومییەكانی توركیا سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پاڵپشتی لەبەھای لیرە دەكەن.

بانكی ناوەندی توركیا لە رێگەی خستنەوەی دۆلاری زیاتر بۆ بازاڕەكانی، ھەوڵی سەقامگیركردنی بەھای لیرە دەدات لەم بارودۆخەی ئێستا بازاڕە جیھانییەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە لە دوایین مامەڵەكانیدا بەھای ھەر دۆلار بەرامبەرە بە پێنج لیرەو 940 قروش مامەڵەی پێوە دەكرێت.

بەگوێرەی گوتەی مامەڵەكارانی لە توركیا، لەگەڵ دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران و عێراق، بەھای دۆلار بەرامبەر دراوەكانی وەكو تومەن و دینار و لیرە بەرزبوونەوەی تۆماركردووە، لەگەڵ فراوانبوونی گرژییەكانی بەھای لیرە روو لەداكەوتنی زیاتر دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش بانكی ناوەندی توركیا رێكاری پێویست دەگرێتەبەر.