روحانی: بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەژێر مەترسیدان
"وڵاتانی ئەوروپا لە ئەمریکا دەترسن"
K24 - ھەولێر
سەرۆك كۆماری ئێران رەخنەی تووند لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا دەگرێت و رایدەگەیەنێت "ئەو وڵاتانە لە ئەمەریكا دەترسن و تاكو ئێستا ھیچ كاردانەوەیەكیان لەدژی سەرەرۆییەكانی ئەمەریكا نەبووە".
حەسەن روحانی، دەشڵێ "ئێستا مەترسی لەسەر سەربازانی ئەمەریكی ھەیە و رەنگە لەداھاتوودا سەربازە ئەوروپییەكانی ناوچەش ھەڕەشەیان بكەوێتە سەر".
حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران گوتی: "ئێوەی سێ وڵاتی ئەوروپی چیتان لەسەر پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەمەریكاوە كردووە، ئێوە چیتان لەبەرامبەر سەرەڕۆییەكانی ئەمەریكا كردووە، ئەگەر كاردانەوەیەكتان لەدژی ئەمەریكا ھەبووا، ئێمەش دڵگەرم دەبووین كە دەتوانن رێككەوتنی ئەتۆمی بپارێزن، بەڵام ئێوەی ئەوروپی لەترسی ئەمەریكا ناتوانن ھیچ بكەن و ھیچتان پێ نەكراوە".
گوتیشی: "ھەمووتان دەزانن كە گوشارەكان و گەمارۆكانی سەر ئێران لەسەر داوای ئیسرائیل و سعودیا بووە، بەڵام سەركەوتوو نەبوونە، بۆ ناتانەوێ لەوە تێبگەن. ئەوروپییەكان دەبێ لەوە تێبگەن كە ئەگەر ئێستا ھەڕەشە لەسەر سەربازی ئەمەریكی ھەیە، لەداھاتوودا رەنگە ئەو مەترسییە بۆ سەر سەربازی ئەوروپیش ھەبێ".
ھ.م