گۆڕان: بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازیی چووینه‌ته‌ ناو حكوومه‌ت

له‌ ڕابردوودا کاری نایاسایی کراوە یاسای چاكسازی دەتوانێت چاکیان بکاتەوە

K24 - سلێمانی:

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان تاووتوێی چەند پرسێكی گرنگی كرد، بەتایبەتی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان. ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێ: لە ماوەی ڕابردوودا کاری نایاسایی کراوە، بەڵام ئەم یاسایە دەتوانێت چاکیان بکاتەوە، هاوكات پشتگیریی ھەر ھەوڵێک دەکەن، بۆ ئەوەی چاکسازی بەردەوام بێت، چونکە گۆڕان بۆ ئەوە بەشداریی حکوومەتی کردووە، تا چاکسازی بنەڕەتی بکرێت.

دۆخی سیاسیی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی جڤاتی نیشتیمانی بوو. جڤاتی نیشتمانی بە پێویستی زانی کە عێراق ھێندەی دیکە لە بۆشایی دەستووریدا نەمێنێتەوە و لەگەڵ دروستکردنی حکوومەتێکی ڕاگوزەر دان و مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانانیش بە پێویست دەزانن.

بابەتەکانی ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ناوخۆیی و کارەکانی 6 مانگی ڕابردووی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێکردنی ڕێکكەوتننامەی پێکھێنانی حکوومەت، دیاریکردنی سات و شوێنی بەستنی دووەم کۆنفڕانسی نیشتمانیی گۆڕان و دیاریکردنی ڕێکخەر بۆ ھەندێك لە ژوورەکانی گۆڕان بۆ کۆبوونەوەی ھەفتەی داھاتووی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دواخرا.

ئ. م