بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دهۆک هۆشداریی دەداتە شۆفێران
بەفر زۆربەی رێگاوبانەکانی دهۆکی پەکخستووە
K24 – دهۆک:
لە زووربەی شوێنە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک لە دوێنێ شەوەوە تا ئێستا بەفربارین بەردەوامە و زۆربەی رێگا دەرەکی و شاخاوییەکان بەهۆی بەفرەوە داخراون.
هەرچەندە پێشتر کەشناسی هەرێم هوشداریی لە شەپۆلێکی بەفر دابوو، زۆربەی تیمەکانی شارەوانی و رێگاوبانەکان لە ئامادەباشی دابوون، بەڵام لەبەر زۆری بەفر و بەردەوامی بارینی بەفر زۆربەی ناوچە شاخاویی و سنووریەکان لەگەڵ باکووری کوردستان داخراون.
سەرچاوەیەک لە دەروازەی سنووری سەرزێڕی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرەوە لە بەیانی ئەمڕۆوە، هاتووچۆ لە دەروازە سنورییەکان لەگەڵ باکووری کوردستان راگیراوە و کۆمەڵگەی سەرزێری داخراوە.
لە لایەکی ترەوە، دێوالی حەمێ بریندار، بەڕێوەبەری چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوێنێ شەوەوە تیمەکانینان بەبێ راوەستان خەریکی پاککردنەوەی رێگاوبانەکانن، بەڵام لەبەر بەردەوامی بارینی بەفر، ناتوانن پلانەکانیان بە تەواوی جێبەجێ بکەن، بۆیە زۆربەی رێگاوبانەکانی سەر سنوور داخراون.
لەرێی کوردستان٢٤ـەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک، هۆشداریی دەداتە شۆفێران ئەگەر بۆ کارێکی گرنگ و پێویست نەبێت، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.
هەروەها بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دهۆک رێگای باگێرا – سوارەتووکا کە دهۆک و ئامێدی پێکەوە دەبەستێتەوە، داخستووە و رێگا بە شۆفێران نادرێت سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی دهۆک رایگەیاند، 20 تیمییان بۆ کردنەوە و لادانی بەفر لەسەر رێگاوبانەکان پێکهێناوە.
H.J
