ناتۆ لە عێراق شوێنی ئه‌مه‌ریكا دەگرێتەوە

ناتۆ: بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ عێراق نامێنینه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ناتۆ لە پلانیدایە شوێنی ئەمریکا لە عێراق بگرێتەوە و بۆ لەمەودوا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش له‌لایه‌ن ناتۆوه‌ سەرۆکایەتی بکرێت.

یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرترێری گشتی ناتۆ رایگەیاند: ناتۆ مەشق و راھێنانەکان بە ھێزە عێراقیەکان دەست پێدەکاتەوە و لە جیاتی ئەمریکاش سەرۆکایەتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دەکات.

ستۆڵتنبێرگ گوتی: "بەزووترین کات دەست بە راھێنانەکان دەکەینەوە. تیمەکان و راھێنەر و راوێژکارەکانمان لە عێراقن. بەھۆی دۆخی ئەمنیەوە ناتۆ و ھاویەیمانی نێودەوڵەتیش ئەرکەکانمان راگرت بوو. دەمانەوێت بەزررترین کات دەست بە راھێنانەکان بکەینەوە. لەگەڵ بەرپرسانی عێراق قسەم کردووە راوێژمان پێکردوون. چونکە ئێمە لەسەر داوای عێراق لەو وڵاتەین. نامانەوێت بۆ ھەتا ھەتایە لە ھیچ وڵاتێک بمێنینەوە ھەرکات ھێزەکانی ئەو وڵاتە توانیان خۆیان بپارێزن ئێمە دەردەچین. بەڵام دەبێ لەوەش دڵنیابینەوە کە داعش جارێکی دیکە ناگەرێتەوە".

هاوكات کەی بەیڵی، نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە ناتۆ ئاشكرایكرد، "ھەندێك بواری زۆر گرنگ ھەن کە دەکرێ ناتۆ لەرێگەی راھێنانەوە ئەو ئەرکانە بگرێتە ئەستۆ. پێشتر ئەم کارانە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناتۆ پێکەوە ئەنجامیان دەدان. بەڵام ئەگەر ناتۆ بەتەواوی ئەرکی راھێنان و راوێژ بگرێتە ئەستۆ، ئیتر ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش یەکلادەکاتەوە، بۆئەوەی له‌ عێراق رێگە بە سەرھەڵدانەوەی داعش نەدەین".

جموجوڵ و خۆرێکخستنەوەی داعش و ھێرشە ناوبەناوەکانی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئاسایشی عێراق، ناوچەکە و ئەوروپاش. ناتۆ پێیوایە باشترین چەك بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش، راھێنانپێكردنه‌ بە ھێزە خۆجێییەکان و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە عێراق چڕتر بکاتەوە.

H.B