دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ: هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی بە تەواوی ئاساییە و دەروازەکە کراوەیە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە ئاگادارییەکدا بۆ هاووڵاتییان، گەشتیاران و بازرگانان رایگەیاند، دەروازەکە بە رووی هەموواندا کراوەیە و جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی بە شێوەیەکی تەواو ئاسایی بەردەوامە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە و رایگەیاندووە، دەروازەکە لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، بازرگانان و شۆفێران، هاوکات هاتوچۆی گەشتیاری و گواستنەوەی بازرگانی هاوشێوەی رۆژانی رابردوو بەبێ هیچ گرفت و ئاستەنگێک بەڕێوەدەچێت.

بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەکە دڵنیایی دەداتە سەرجەم ئەو کەسانەی بە مەبەستی گەشتکردن یان کاری بازرگانی روو لە دەروازەی باشماخ دەکەن، رێکارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و رێکخراو لە پێشوازییاندایە.