ئەمهریکا و ئەڵمانیا سیخوڕیــان لهسهر 120 وڵات كردووه
زیاتر له پهنجا ساڵ
K24 – ههولێر:
بەپێی راپۆرتە میدیاکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و سویسرا، دەزگا هەواڵگریەکانی هەر یەك لە ئەمهریکا و ئەڵمانیا کاری سیخوڕیان لەسەر زیاتر لە 120 وڵاتی جیهاندا کردووە بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ، لەرێی کومپانیایەکی سویسری تایبەتمەند بەتەشفیرکردنی ئامێرە پەیوەندییەکان.
لەدوای جەنگی جیهانی دووەم، کومپانیای بەکۆدکردنی ئامێرە پەیوەندییەکان "کریپتو ئەی جی Crypto AG" دەستی گرتبوو بەسەر تەواوی جومگەکانی بازرگانی کەرتی ئامێرە بەکۆدکراوەکان، بەواژووکردنی رێکكەوتنی بازرگانی بە بەهای ملیونان دۆلار لەگەڵ زیاتر لە 120 وڵاتی جیهاندا. ئەمەش بە گوێرەی راپورتێکی بەدواداچونی رۆژنامهی (واشنتون پۆست) بەهاوکاری لەگەڵ تەلەڤزیۆنی "ZDF"ـی ئەڵمانی هەروەها دەزگای پەخش و راگەیاندنی سویسری "SRF".
رۆژنامهی "واشنتۆن پۆست" دەریخست، هەندێك لەو وڵاتانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ کۆمپانیا سویسرییەکە کردووە بریتین لە "ئێران، ئەنجوومەنە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەمهریکای لاتین، هندستان، پاکستان و ڤاتیکان".
شایەنی باسە کە دەزگای هەواڵگری ئەمهریکا "CIA" لە ساڵی 1970 لەچوارچێوەی رێکكەوتنێکی زۆر نهێنی بەناوی "رۆبیکۆن" لەگەڵ دەزگای هەوڵگری ئەڵمانی "BND" کۆمپانیای "کریپتو ئەی جی"یان کڕیبوو، بەڵام لە ساڵی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو ئەڵمانیا لەو رێکكەوتنە کشایەوە، دوای ئەوەش دەزگای هەواڵگری ئەمهریکی کۆمپانیای "کریپتو ئەی جی" یان لە ساڵی 2018 فرۆشت.
بەپێی "واشنتۆن پۆست" هیچ یەك لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمهریکی و ئەڵمانی ئامادە نەبوون لێدوان لسەر ئەو بەدواداچوونە بدەن، بەڵام لەهەمانکاتدا رەتیشیان نەکردووهتەوە.
رێکخەرێکی پێشوی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانی لەو بارەیەوە بۆ کەناڵی "ZDF"ـی ئەڵمانی وتی: "روبیکون" بەراستی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەرکەوتووبوو، چونکە بووە هۆکارێک بۆ زیاتر سەقامگیربوونی جیهان.
سەرچاوە:DW,Skynews,theguardian
وەرگێڕان: ئەحمەد شەمسەدین