وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بڕیارێکی لەبارەی سەلامەتی مزگەوتەکانی وڵاتەکەی دا

دوای چەند هێرشێکی رەچەڵەکپەرستیی ئەڵمانیا بڕیارێک دەدات

K24 – هه‌ولێر:

لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانی، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، چەند رێوشوێنێکی نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی رەچەڵەکپەرستیی و تووندڕەویی راگەیاند.

وەزیری ناوخۆ، دوای کوژرانی 9 کەس لە چەند شوێنێکی نێرگەلەکێشان کە چواریان کوردی باکووری کوردستان بوون رایگەیاند، ژمارەی پۆلیس بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی خەڵکە راستڕەوە تووندڕەوەکان زیاد دەکەین.

راشیگەیاند، مەترسییەکانی راستڕەوە تووندڕوەکان، رەچەڵەکپەرستەکان و دژە جووەکان زۆر زیاد بووە.

ئاماژەی بەوەشدا، پۆلیس لە مزگەوت، وێستگەی شەمەندەفەر، فڕۆکەخانە و سنوورەکان زیاد دەکەین.

راستڕەوە تووندڕەوەکان، دژی پەنابەران و موسوڵمان و جووەکانن، هاوشێوەی نازییەکان نەژادپەرستن و هێرشدەکەنە سەر ئەو کەسانەی بە رەچەڵەک ئەڵمانی نین. لە چەند رۆژی رابردوو چەند هێرشێک ئەنجامدراوە، دیارترینیان هێرشی سەر دوو شوێنی نێرگەلەکێشان و مزگەوتێک بوو.

AFP