داوا لە حکومەتی عێراق دەكرێت پشووی بەهارەی خوێندن درێژ بکاتەوە

بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا داواكە ئاراستەی حكومەت كراوە

K24 - ھەولێر

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، داوا دەکرێت حکومەتی عێراق، پشووی بەهارەی خوێندن، بۆ یەک هەفتە درێژ بکاتەوە.

جەواد موسەوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لە حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتی پەرەوەردە کرد، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پشووی بەهارەی خوێندن، بۆ یەک هەفتە درێژ بکاتەوە.

هاوکات عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەیەکی تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد و وەزیری تەندروستی و ژینگە و بەڕێوەبەری نووسینگەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق بەشداربوون، بڕیاردرا تا كاتێكی نادیار ماوەی قەدەخەکردنی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی درێژ بکرێتەوە.