کۆرۆنا..لە ئیتاڵیا چەند شارۆچکەیەک داخران و کۆریای باشووریش سەری سوڕماوە

هەزاران کەس دەبێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە

K24 – هه‌ولێر:

چەند شارۆچکەیەک لە ئیتاڵیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تەواوی داخران. لە کۆریای باشووریش ژمارەی قوربانیان لە ماوەیەکی زۆر کەم بۆ دوو هێند زیادیکردووە.

حکومەتی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، رێکاری زیاتر دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و چەند بۆنەیەک هەڵوەشێنراوەتەوە.

ژمارەی تووشبوان لە ئیتاڵیا بۆ 80 کەس بەرزبووەتەوە و تاوەکو ئێستاش دوو کەس مردوون. لە شارۆچکەی کۆدۆگنۆ لە هەرێمی لۆمباردی، کەسێک و لە هەرێمی ڤێنێتۆش کەسێک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

گیوسێپ کۆنتێ، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی رێکخستووە، ئەمەش دوای ئەوەی داوا لە 50 هەزار کەس کراوە لە چەند شارۆچکەیەک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

هەروەها، هەموو شوێنە گشتییەکان بە چێشتخانە و قوتابخانەکانەوە، لە ڤێنێتۆ و لۆمباردی داخراون.

لە کۆریای باشووریش، لە ماوەی چەند رۆژێک ژمارەی تووشبوان بۆ دوو هێند بەرزبووە و 556 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 DW