تەندروستی عێراق دەنگۆیەك لەبارەی كۆرۆنا رەتدەكاتەوە
"هیچ تووشبووێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵات تۆمار نەکراوە"
K24 - ھەولێر
تەندروستی عێراق رایدەگەیەنێت، ھیچ تووشبووێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵات تۆمار نەکراوە و ئەو کەسانەی نرخی دەمامک گران دەکەن سزا دەدرێن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، هیچ تووشبووێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵات تۆمارنەکراوە، جەختیکردەوە، سزای ئەو کەسانە دەدەن کە نرخی دەرمان و دەمامک گران دەکەن.
سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکانی بۆ دروستکردنی کەرەنەتین لە گشت پارێزگاکان و دەروازە سنوورییەکان فڕۆکەخانە و بەندەرەکان ئامادەکردووە.
بەدر دەشڵێت، ئامرازی پێویست بۆ رێگری لەو ڤایرۆسە و بڵاوبوونەوەی بەردەستە، و رێنمایی هاووڵاتیانیش دەکەن.
هاوکات ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەت کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجامداوە بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی نەخۆش بۆ عێراق، بە تایبەت لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات.