عێراق رێگری لە ھاتنی ئێرانییەكان دەكات
وادەكە درێژ دەكرێتەوە
K24 - ھەولێر
عێراق قەدەغەکردنی هاتنی ئێرانییەکانی بۆ 15 رۆژی دیکە درێژکردەوە.
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رایگەیاند، ماوه‌ی داخستنی سنووره‌كانی به رووی ئێران‌دا درێژ كرووەتەوە، و رێگە نادرێت بۆ ماوەی 15 رۆژ هیچ ئێرانییەک لە دەروازە سنوورییەکان بێنە ناو عێراقەوە، ئەوانەی لە ئێرانیش دەگەڕێنەوە دەخرێنە ژێر چاودێری ووردی پزیشکییەوە، تا دڵنیابوون لە باری تەندروستییان.
لە بەیاننامەیەكی دەستەكەدا ھاتووە، بە پێچەوانەشەوە لەو ماوەیەی كە دیاریكراوە رێگە بە عێراقییەكانیش نادرێت گەشتی ئێران بكەن.
ھەروەھا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، عێراق دەروازەی سنووری سەفوانی لەگەڵ كوێت داخست.
ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا له شاری نه‌جه‌ف له عێراق تۆماركرا.
دكتۆر ره‌زوان كه‌نه‌دی، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی نه‌جه‌ف رایگه‌یاند، یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه تۆماركراوه، كه ئێرانییه و قوتابییه‌كی خوێندنگا ئایینییه‌كانه له نه‌جه‌ف.