كۆرۆنا 71 كەسی دیكەی لە چین كوشت
بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ترەمپ داوای دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەكات
K24 - ھەولێر
71 کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین گیانیان لەدەستدا و ئیدارەی ترەمپیش داوای دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات.
دەسەڵاتدارانی چین رایانگەیاند، لە 24 کاتژمێری داهاتوودا 71 کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەشی بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە دوو هەزار و 663 کەس، هاوکات 409 حاڵەتی تووشبووی دیکەش بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراون و ژمارەی تووشبوانیش بە ڤایرۆسەکە لە چین گەیشتە 77 هەزار و 658 کەس.
لەلایەكی دیكە دەسەڵاتدارانی کۆریای باشووریش رایانگەیاند 60 حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تۆمارکردووە، ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە گەیشتە 893 کەس، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکاش لە کۆریای باشوور تووشبوونی یەکێک لە ئەندامانی سەربازانی وڵاتەکەی لە کۆریای باشوور بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پشتڕاست کردەوە.
کۆشکی سپیش رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوای دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری لە کۆنگرێس کردووە.