چەند دزێکی محاویلەی کارەبا دەستگیر کران
چەندین ساڵە لە چەند قەزایەکی هەرێمی کوردستان محاویلە دەدەزن
K24 – دهۆک:
ماوەی چەند ساڵێکە کۆمەڵێک دزی نادیار لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ، بەردەرەش، شێخان و ناوچەی ئەلقۆشی سەر بە پارێزگای نەینەوا، دەستیان بە دزینی بگۆڕی كارهبا - محاویلە - کردووە.
کوردستان24 لە میانی راپۆرتێکیدا، کێشەی جووتیارانی ناوچەکەی بە دەزگا ئەمنییهكان و پۆلیس گەیاند، ئەمڕۆش هێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، دوای بینینی راپۆرتەکەی کوردستان24، بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران چڕ کردەوە، لە ئهنجامی هەوڵە بەردەوامەکانیاندا لە درەنگانی شەوی16لەسەر 17ی ئەم مانگە، هێزەکانیان توانیان سێ تۆمەتبار لە کاتی دزینی محاویلەی کارەبا دەستگیر بکەن.
ئەو بەرپرسەی پۆلیس راشیگەیاند، تۆمەتبارەکان ددانیان بە دزینی چەندین محاویلەی کارەبادا لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ، شێخان، بەردەڕەش و سنووری پارێزگای نەینەوا ناوە.
هێمن سلێمان بە کوردستان24ـی گوت، سێ دزەکە کەسانی شارەزا و لێهاتوون و خەڵکی دەڤەری بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێن.
بەپێی زانیاریەکانی کوردستان24 ، تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لە سنووری سێ قەزاکە، زیاتر لە 50 محاویلەی جووتیاران دزراون، کە بۆ مەبەستی کشتۆکاڵی و راکێشانی کارەبا و ئاو بەکار دەهێنران.
H.J
