جێگرێك بۆ پارێزگاری ھەولێر و قایمقامێك بۆ كۆیە ھەڵبژێردران
ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لە كۆبوونەوەدایە
K24 - ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە زۆرینەی دەنگ، جێگرێك بۆ پارێزگاری ھەولێر و قائیمقامێك بۆ كۆیە ھەڵبژێردران.
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر مەسعود محەمەد جەرجیس (مەسعود کاڕەش) بە 27 دەنگ، وەك جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ کاروباری هونەری و یوسف حەسەن بە 26 دەنگ بە قائیمقامی کۆیە ھەڵبژێردران.
كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ دەنگدان بوو لەسەر دوو كاندید، یەكێكیان بۆ جێگری پارێزگا و ئەوی دیكەشیان بۆ قائیمقامی كۆیە، كە بە كۆی دەنگ ھەردوو كاندیدەكە ھەڵبژێردران، دواتر نووسراو بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرز دەكرێتەوە، لەوێشەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی فەرمانی كارگێڕیان بۆ دەرچێت و دەستبەكاربن".