تووشبوونی به‌رپرسێكی دیكه‌ی ئێران به ڤایرۆسی كۆرۆنا راگه‌یه‌ندرا
راویژكاری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێرانه
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی "روسیا الیوم"، تووشبوونی به‌رپرسێكی دیكه‌ی ئێران به ڤایرۆسی كۆرۆنا پشتڕاست كرایه‌وه.
وه‌ك ئه‌و كه‌ناڵه ئاماژه‌ی پێدا، مسته‌فا پور محه‌مه‌دی، وه‌زیری پێشووی ناوخۆی ئێران و هاوكات راوێژكاری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێستای كۆماری ئیسلامی له تارانی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، پێشتریش چه‌ندین به‌رپرسی باڵای ئه‌و وڵاته تووشی ئه‌و په‌تایه بوونه و پیشتریش هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وندییه‌كانی ئێران تووشبوونی محه‌مه‌د میر محه‌مه‌دی، ئه‌ندامی ئهنجوومهنهكهی به‌و په‌تایه پشتڕاستكرده‌وه و رایگه‌یاند، دۆخی ته‌ندروستی محه‌مه‌دی جێگیره. له‌كاتێكدا چه‌ند پێگه‌یه‌كی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، كه به‌هۆی ئه‌و په‌تایه دۆخی ته‌ندروستی ناوبراو تێكچووه و بێهۆش بووه.
شه‌وی رابردووش دایكی محه‌مه‌دی له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی شاری قوم به‌هۆی ئه‌و په‌تایه گیانی له‌ده‌ستدا، كه هاوكات خوشكی مو‌سا شه‌بیری زه‌نجانی، مه‌رجه‌عی ئاینییه، كه ئێستا ئه‌ویش له كه‌ره‌نتینی تایبه‌ت له ژێر چاودێری پزیشكیدایه و پێشتریش به‌رپرسی دارایی نووسینگه‌كه‌ی به هه‌مان په‌تا گیانی له‌ده‌ستداوه.
هه‌روه‌ك سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كانی ئێران ئاماژه به تووشبوونی نه‌وه‌یه‌كی عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی به‌و په‌تایه ده‌كه‌ن.
به‌ر له دوو رۆژیش تووشبوونی مه‌عسومه ئیبتیكار، جێگری سه‌رۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ئافره‌تان و موجته‌بی زولنور، نوێنه‌ری شاری قوم و هاوكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی ئێران راگه‌یه‌ندرا.
له‌كاتێكدا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو هادی خه‌سره‌و شاهی، باڵیۆزی پێشووی ئێران له ڤاتیكان و سه‌رۆكی پێشووی نووسینگه‌ی چاودێری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران له میسر به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا.
رۆژێك پێشتریش ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی رایانگه‌یاندبوو، ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی ئیره‌ج حه‌ریرچی، جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته پشتڕاستی كردووه‌ته‌وه، كه ناوبراو تووشی په‌تای كۆرۆنا بووه.
به‌گوێره‌ی داتاكانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته، تا ئێستا 43 كه‌س له وڵاته‌كه‌یان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه و 593 حاڵه‌تی تووشبوونیش پشتڕاستكراونه‌ته‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نیا له‌ماوه‌ی 24 كاتژمیری رابردوودا 9 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 205 كه‌سی دیكه‌ش تووشی ئه‌و په‌تایه بوون.
H.B