ئەندەرپاسێکی نوێ لە سەنتەری شاری دهۆک دەکرێتەوە
پرۆژەکە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی تەواوکرا
K24 – دهۆک:
بڕیارە ئەمڕۆ ئەندەر پاسی فەرماندەیی دهۆک بکرێتەوە کە یەکێکە لە سێ ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسە گرنگەکانی ناو سەنتەری شاری دهۆک و بە پرۆژەیەکی گرنگی حکومەت دادەنرێت بۆ ئەو شارە کە دەمێکە هاووڵاتیان چاوەرێی جێبەجێکردنی دەکەن.
ئەندازیار سەعدوڵا محەمەد سێلکی، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، 94 لە سەدای کارەکانی پرۆژەی ئەندەرپاسی فەرماندەی دهۆک تەواوبوونە و بڕیارە ئەمڕۆ بە رووی شۆفێرەکاندا بکرێتەوە.
راشیگەیاند، دوای تەواوکردنی ئەندەرپاسی فەرماندە، ئەوان دەست بە جێبەجێکردنی دوو ئەندەرپاسی دیکە دەکەن کە ئەوانیش دەکەونە ناو سەنتەری شارەکە.
ماوەی نزیکەی شەش مانگ دەبێت دەست بە جێبەجێکردنی ئەندەرپاسی فەرماندەی دهۆک کراوە و بڕیار وابوو نەورۆزی ئەمساڵ شەقامەکە بە ڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە، بەڵام لەبەر خێرا کارکردن لە پرۆژەکەدا، کارەکانی ئەندەرپاسەکە زووتر تەواوکران و پێش وادەی خۆی دەکرێتەوە.
19 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی ئەندەرپاسەکە تەرخانکراوە و درێژییەکەی یەک کیلۆمەترە و دەکەوێتە سەر شەقامی بارزانی کە دەکەوێتە سەنتەری شاری دهۆک.
لە 17ی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بنیاتی سێ ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس و دوو شەقام کە یەکێکیان شەقامی خزمەتگوزارییە و ئەویتریان شەقامێکی بازنەییە دانرا کەهەموویان دەکەونە ناو سەنتەری شاری دهۆک.
ئەم پرۆژانەش لە سەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕی 73 ملیار دیناری جێبەجێدەکرێن و بریارە سەرجەم پرۆژەکان لەماوی 960 رۆژدا تەواو بکرێت.
H.J
