نه‌خۆشخانه‌ی ووهان به‌ فه‌رمی كاره‌كانی كۆتایی پێهێنا و داخرا

ژماره‌یه‌ك كه‌م تووشبوو مابوون ئه‌وانیش ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی دیكه‌ كران

K24 - هه‌ولێر:

ئاژانسی هه‌واڵی شینخوای چینی بڵاویكرده‌وه‌، نه‌خۆشخانه‌ كاتییه‌كه‌ی شاری ووهانی چین، به‌ فه‌رمی كۆتایی به‌ كاره‌كانی خۆی هێنا و دوا نه‌خۆشی تێدا چاره‌سه‌ركرا و ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشیش گوازراونه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌كانی دیكه‌.

دوای ئه‌وه‌ش نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌رمان رشێن كرا و تیمی تایبه‌تی سه‌ر به‌ لیژنه‌ی ته‌ندروستی نیشتمانی چین، نه‌خۆشخانه‌كه‌ داده‌خات.

جیا له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ش، چه‌ندین بنكه‌ی دیكه‌ی ته‌ندروستی له‌ ووهان كرانه‌وه‌، كه‌ یه‌كه‌مجار ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌و شاره‌ بڵاوبووه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسه‌كه‌، ئاماره‌كانی تووشبوون و مردن به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه‌میكردووه‌ و بۆ كه‌مترین ئاست دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ بتوانن باشتر كۆنتڕۆڵی دۆخه‌كه‌ بكه‌ن، به‌و هۆیه‌وه‌ش بڕیاری داخستنی نه‌خۆشخانه‌كه‌یان داوه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، كه‌ ژماره‌یه‌ك تووشبووی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ مابوون، به‌ڵام باری ته‌ندروستیان باشتر بووه‌ و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی دیكه‌ كراون.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسه‌كه‌ش، هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی تووشبووان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ندێك شاردا هاووڵاتیان خۆیان له‌ ماڵه‌كاندا كه‌ره‌نتین كردووه‌.