بەهای دراوی رووسیا بەرامبەر دۆلار داڕما
هەر دۆلارێك به 75 روبل مامهڵهی پێوه كرا
K24- ههولێر:
دوای شکستی گفتۆگۆکانی نێوان ئۆپێك و وڵاتانی هاوپەیمان (وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی دەرەوەی ئۆپێك) به سەرۆکایەتیی رووسیا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت، بەهای روبلی رووسی بەرامبەر دۆلاری ئهمهریكی به خێرایی دابەزی.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، رێکخراوی ئۆپێك بۆ بەرگری له نرخی نەوت بڕیاریدا، بۆ ماوهی 3 مانگی دووهمی ئەمساڵ، ئۆپێك و وڵاتانی هاوپەیمان، رۆژانه 1.5 ملیۆن بەرمیل بەرهەمی نەوت کەم بکەنەوه، بەڵام رۆژێك دواتر رووسیا ئەم پێشنیازەی رەت کردەوه و بەهۆیەوه نرخی نەوت داڕما.
له رۆژی پێنجشەممهی رابردووەوه تاکو ئێستا، بەهای روبل بەرامبەر دۆلار له 12% دابەزی و هەر دۆلارێك له رووسیا به 75 روبل مامهڵهی پێوه كرا.
هەر لەو ماوەیەدا نرخی نەوتیش له 33% دابەزینی بهخۆیهوه بینی.
بۆ دەربازبوون له قەیرانی کورتهێنانی بودجه، پێویسته رووسیا ههر بهرمیلێك نهوت به 42 دۆلار بفرۆشێت، بەڵام ئەمڕۆ نرخی ههر بهرمیلێك نەوتی برێنت گەیشته 36 دۆلار.
H.B