بەرپرسێكی دیكەی ئێران تووشی كۆرۆنا بوو

تائێستا زیاتر لە 30 ئەندام پەرلەمانی ئێران تووشی كۆرۆنا بوونە

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی كۆمسیۆنی ئابووری لە پەرلەمانی ئێران تووشی كۆرۆنا بووە و لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە.

حوسێن شاھروودی، نوێنەری خەڵكی شاھروود و گوتەبێژی كۆمسیۆنی ئابووری لە پەرلەمانی ئێران تووشی كۆرۆنا بووە و لە لاپەرەی فەرمی خۆی، ھەواڵەكەی پشتراست كردووەتەوە.

راشیگەیاندووە، لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە و لە ماڵەكەی خۆیدا كەرەنتینە كراوە.

تائێستا زیاتر لە 30 ئەندام پەرلەمانی ئێران تووشی كۆرۆنا بوونە و 3 پەرلەمنتاریش گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەكی دیكە و به‌پێی ئاژانسی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسدران، ئیسحاق جهانگیری، جێگری سه‌رۆك كۆماری ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌ و له‌گه‌ڵ تیمێكی پزیشكیدا له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا خراوه‌ته‌ ژێر چاودێریی ته‌ندروستی.

هه‌ر به گوێرەی میدیاكانی ئێران هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرانی بازرگانی و گه‌شتوگوزار و كلتوریی ئه‌و وڵاته‌ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.