بەهۆی كۆرۆنا ئیسپانیا باری لەناكاوی راگەیاند
بۆ ماوەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت
K24- هەولێر:
دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی ئیسپانیا گەیشتە 6 هەزار و 200 حاڵەت و بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە 193 حاڵەتی مردن تۆماركرا، حكومەتی ئەو وڵاتە باری لەناكاوی سەپاند و قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ماوەی 15 رۆژ لە سەرانسەری وڵاتەكەی راگەیاند.
بەگوێرەی بڕیارنامەكەی حكومەتی ئەو وڵاتە، تەنیا هاتوچۆ بۆ كڕینی پێداویستی رۆژانە و داو و دەرمان، یارمەتیدانی بەساڵاچووان و سەردانی نەخۆشخانەكان و شوێنەكانی كار رێگەپێدراوە.
بەهیچ شێوەیەك رێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبیل نادرێت و لە كاتژمێر 8:00ی بەیانییەوە بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و رێكارەكانی داهاتووش لە رۆژنامەیەكی فەرمی بڵاودەكرێنەوە.
هەروەها خزمەتگوزارییەكانی گواستنەوەی وشكانی، دەریایی و ئاسمانیش بە رێژەی 50% كەم دەكرێنەوە، بەڵام ئەگەر زۆر پێویست بوو، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو رێژەیە بگاتە 60%.
بەڵام لە بڕیارنامەی سەپێندراودا هیچ كۆتوبەندێك لەسەر رێوڕەسمە ئاینییەكان، ئاهەنگی هاوسەرگیری و ناشتنی تەرمی مردووەكان دانەنراون، بەڵام بەو مەرجەی بەشداربووانی ئەو بۆنە و چالاكیانە پابەندی ئەو مەودایە دوورییە بن، كە لە رێنماییەكاندا هاتووە و بەلایەنی كەم دەبێت ماوەی نێوان 2 كەس لە مەترێك كەمتر نەبێت، بۆ ئەوەی لە مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەدوور بن.
H.B