كۆرۆنا لەناو هێزەكانی ئێراندا بڵاودەبێتەوە

لایەنی ئیداری ئاشكرای دەكات و فەرماندە سەربازییەكانیش دایدەپۆشن

K24- هەولێر:

رەزا شەریعەتی، حاكمی پارێزگای خۆزستانی ئێران ئاشكرایكرد، لە دوو بنكەی سەربازی لە سنووری ئەو پارێزگایە، 5 سەرباز و بەرپرسی سوپا و سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، لەكاتێكدا فەرماندە سەربازییەكانی سوپا لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە تووشبوونی سەربازانی بەو پەتایە رەتكردەوە.

بە گوتەی شەریعەتی، 3 كەس لە بنكەی سەربازی "دۆكۆهە"ی سەر بە سوپای پاسداران لە شاری ئەندیمشكی باكووری پارێزگای ئەهواز و دووی دیكەش لە بنكەی سەربازی "تەشهارم شكاری"ـی ئاسمانی لە شاری دەزفول تووشی پەتاكە بوونە.

شەریعەتی داواشی لە بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەكانی هەردوو بنكەكە كرد، ژمارەی كرێكار و سەربازانی ناو سەربازگەكان كەم بكاتەوە و بەبێ هۆ هیچ سەربازێك بانگهێشتی بنكەكان نەكەن.

لە بەرامبەریشدا فەرماندەی یەكەكانی سوپا لە ناوچەی باشووری رۆژئاوای ئێران گوتی: هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو بنكە سەربازیانە لە ریزەكانی سوپا تۆمارنەكراون.

ئەمەش لەكاتێكدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو سوپای پاسداران مردنی ژمارەیەك پسپۆر و كادیرانی پزیشكی بەشدار لە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهۆی ئەو پەتایە لە وڵاتەكەیان راگەیاند.

سەرچاوە: روسیا الیوم

H.B