جیاوازی لە نێوان كۆرۆنای سعوودیە و كۆرۆنای چین چییە؟
رووی لێكچوون و جیاوازییەكان لێرە بزانە
K24- هەولێر:
بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا پرس و رازێكی زۆری لە سەرانسەری جیهان لە بارەی لێكچوون و جیاوازی جۆرەكانی ڤایرۆسەكان بەدوای خۆیدا هێناوە، زۆربەی پرسیارەكانیش لەبارەی ئەوەوە دەكرێت، ئاخۆ لە نێوان كۆرۆنای نوێ كە بە "كۆڤید- 19" ناسراوە و لە وڵاتی چین سەری هەڵداوە، لەگەڵ كۆرۆنای سعوودیە، كە لە ساڵی 2012 بڵاوبووەوە و بە "ڤایرۆسی پابەندبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەناسەتەنگی" ناوبانگی دەركرد، چ جیاوازییەكیان هەیە؟
زانایان گرنگترین خاسیەتە لێكچوو و جیاوازەكانی ئەو دوو جۆرە ڤایرۆسەیان، بەم شێوەیە خستووەتەڕوو:
گرنگترین خاسیەتە لێكچووەكان:
دەكرێت هەردوو جۆرە ڤایرۆسەكە لە رێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، لەكاتێكدا رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەو باوەڕە دایە ڤایرۆسی هەناسەتەنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەچەڵەكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ وشتر، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە شەمشەمە كوێرەوە، سەرچاوەی گرتووە.
نیشانەكانی كەسی تووشبوو بە هەردوو جۆرەكە وەك یەكن و كاریگەرییەكانی تووشبوون لەسەر نەخۆش هیچ جیاوازییەكیان نییە، بەتایبەت نیشانەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، كۆكە و هەوكردنی سییەكان، سەختی هەناسەدان، هەوكردنی جۆگەكانی پشمین "قورگ و لووت" و ئازاری ماسوولكە و جومگەكان.
لە هەردوو جۆرە ڤایرۆسەكە مەترسی مردن زیاتر لەسەر ئەو كەسانەیە، كە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵییە، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
گرنگترین خاسییەتە جیاوازەكانی نێوان هەردوو جۆرە ڤایرۆسەكە:
دەكرێت جیاوازی لە نێوان ڤایرۆسی پابەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەناسەتەنگی و كۆرۆنای نوێ "كۆڤید-19" لە جیاوازی رێژەی گیان لەدەستدان لە نێوان تووشبووانی هەردوو جۆرەكەدا بكرێت، بەتایبەت كە كۆرۆنای سعوودیە كوشندەترە لە كۆرنای نوێ، كە لەكۆی 2519 كەسی تووشبوو، 866 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆماركران، بەمەش رێژەی مردن لە كۆرۆنای سعوودیە گەیشتە 35%.
لە بەرامبەردا رێژەی مردن لە نێوان تووشبووانی كۆرۆنای نوێ "كۆڤید-19" تا ئێستا لە 3.4%ی تێپەڕ نەكردووە، كە بە بەراورد لەگەڵ ڤایرۆسی سعوودیە رێژەیەكی یەكجار كەمە.
ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تووشی ژمارەیەكی زۆر زیاتری مرۆڤ دەبێت بە بەراورد لەگەڵ ڤایرۆسی سعوودیە و تا ئێستا ژمارەی تووشبووان سنووری 156 هەزار حاڵەتی لە سەرانسەری جیهان تێپەڕاندووە.
بە پێچەوانەی ڤایرۆسی "كۆڤید-19"، ڤایرۆسی سعوودیە بە ئاسانی لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی دیكە ناگوازرێتەوە، تەنیا لە رێگەی تێكەڵبوونێكی زۆر نزیكەوە نەبێت، تاكو سنووری پابەندبوون، وەك چاودێریكردن و خزمەتكردنی كەسی تووشبوو، كە لە ناو جێگە كەوتووە، بەبێ ئەوەی كەسی چاودێر رێكاری خۆپارێزی، پاكوخاوێنی و رێكارە تەندروستییەكان رەچاو بكات، هەر بەهۆی ئەو خاسیەتەش بوو، ناوی ئەو ڤایرۆسە نرا "ڤایرۆسی پابەندبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەناسەتەنگی" كە دوای گواستنەوەی لە وشترەوە بۆ مرۆڤ، لە وڵاتە عەرەبییەكان بڵاوبووەوە.
سەرچاوە: روسیا الیوم
H.B