سعودیە داوا لە هاووڵاتیانی دەكات لەماڵەكانیان دەرنەچن

ژمارەی تووشبووان لە 90 حاڵەت نزیك دەبێتەوە

K24- هەولێر:

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزیری تەندروستی عەرەبستانی سعوودیە داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی كرد، لە ماڵەكانیان بمێننەوە و بەهیچ شێوەیەك دەرنەچن، تەنیا بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تەوفیق بن فەوزان ئەلرەبیعە، وەزیری تەندروستی سعوودیە ئاماژەی بەوەشدا، بۆ رێگریكردن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تاوتوێی راگرتنی كار لە كەرتی تایبەت دەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، تا ئێستا 86 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە تۆماركراون، لەناویان 38 لە رەگەزی نێر و 48 لە رەگەزی مێ، جگە لە بوونی دوو منداڵ، ئەوانی دیكە سەرجەمیان تەمەنیان لە سەرووی 49 ساڵیدایە.

H.B