زیاتر لە ھەزار گەشتیار لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران گەڕاونەتەوە ھەرێمی كوردستان

مۆڵەتی گەڕانەوەی گەشتیارانی ھەرێمی كوردستان لە ئێران كۆتاییھات

K24 - چۆمان

كاتژمێر 12ی شەوی رابردوو ئەو وادەیە كۆتاییھات، كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەو گەشتیارانەی دیاریكردبوو كە لە ئێران دەگەڕێنەوە، لە ماوەی نزیكەی مانگێكدا تەنھا لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران زیاتر لە ھەزار كەس گەڕاونەتەوە ھەرێمی كوردستان.

تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "دوایین كاروانی گەشتیاران كە لە ئێران بە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران گەڕاونەتەوە ژمارەیان 7 كەس بوو دوێنێ گەیشتنەوە ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دەرگا داخراوە و ھیچ گەشتیارێك ناتوانێت بگەڕێتەوە".

بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست پەیامنێرمان كەوتووە، لە 21/2/20202 تا 16/3/2020 ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە ئێران بە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران گەڕاونتەوە گەیشتووەتە ھەزار و 231 كەس، دوای ئەوەی پشكنینیان بۆ كراوە و گوازراونەتەوە قەزای سۆران و كەرەنتینە كراون، بەشێك لەو كەسانەی 14 رۆژ لە كەرەنتینە بوون، ھیچ ئاماژەیەكی تووشبوون بە كۆرۆنایان لێدەرنەكەتووە رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە".