بزووتنەوەی گۆڕان: پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە زوویی کۆببنەوە

بزووتنەوەی گۆڕان بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیی دەروازە سنوورییەکان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی نەوت بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" ناودەبات و بانگەوازێکی نیشتمانی ئاراستەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات تا بە یەک گوتار بەرگری لە قەوارەی هەرێم بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، بزووتنەوەی گۆڕان لە بانگەوازێکدا رایگەیاند، "بڕیارەکانی ئەمڕۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە خستنەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵدا، پێشهاتێکی مەترسیدارە و درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەیە کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن و بنەماکانی فیدراڵیزم لاواز دەکەن."

بزووتنەوەی گۆڕان جەختی کردووەتەوە، لە کاتێکدا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە بنبڕکردنی دیاردەی قاچاخچێتی، چەسپاندنی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام "چارەسەرکردنی ئەم کێشانە نابێت ببێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی دەستوور، کاڵکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بچووککردنەوەی پێگەی کورد لە هاوکێشەی نوێی عێراقدا."

لەسەر ئەو بنەمایە، گۆڕان داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا بکات و دەستوور بکاتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؛ بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵیی دانپێدانراو بکرێت و بەتایبەت شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی وزە و نەوت و گاز بکرێتە ئەرکێکی هاوبەش و دەستووریی هەردوولا.

لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا هاتووە، هەرچەندە ئەو هەنگاوانەی بەغدا زەنگێکی مەترسیدارن، بەڵام جارێکی دیکە ئەو راستییە دەسەلمێنن کە "پەرتەوازەیی ناوخۆیی، لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییەکان و نەبوونی حوکمڕانییەکی دروست، پێگەی هەرێمی کوردستانیان لاواز کردووە و دەرفەتیان بۆ پاشەکشەپێکردنی مافە دەستوورییەکانمان رەخساندووە." ئاماژەی بەوەش داوە کە مێژوو سەلماندوویەتی هەر کاتێک ناوماڵی کوردستان پەرتەوازە بووبێت، مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کەوتوونەتە بەر مەترسی.

بزووتنەوەی گۆڕان پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەزانێت و بانگەوازێکی نیشتمانی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات کە "بە زووترین کات کۆببنەوە و ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلابنێن؛ لەپێناو داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان، بەهێزکردنی پشتیوانیی جەماوەری و
ئاشتکردنەوەی خەڵکی کوردستان، تا بە یەک گوتار و هەڵوێستێکی بەهێزەوە داکۆکی لە ئیرادەی سیاسی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین."