چاوەرێی دۆزینەوەی ڤاکسین بکەین یان خۆمان بدەینە بەر ئەم پەتایە؟
کەرەنتینی گشتی یان بەرگری گشتی؟
K24 - ههولێر:
لە سەروبەندی ئەو رێکارانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەرەنتینکردنی خەڵك و پەیڕەوکردنی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی Social Distancing گرتوویەتیەبەر، کە بە ھەمان شێوە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش پەیڕەوی دەکەن. بەپێی لێکدانەوە و گریمانە ماتماتیکی و زانستیەکانی رادەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا SARS-CoV-2 کە بە Ro ھەژمار دەکرێت. بۆ زانیاری ڕاددەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێستا 2.2، واتە بۆ ھەر نەخۆشێک زیاتر لە 2 کەس تووش دەکات، ئەگەر کەرەنتین نەکرێت (لە پۆستی پێشووتر ژمارەکان دیارن).
دوو ئاراستەی جیھانی ھەیە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
شانشینی بەریتانی بە پێچەوانەی دنیا، بیر دەکاتەوە و پێیوایە بە بەکارھێنان و پەیڕەوکردنی سیستەمی بەرگری بە کۆمەڵ Herd Immunity ڕووبەرووی ڤایرۆسەکە ببێتەوە. بەو مانایەی ئەو رێگا دەدات ڤایرۆسەکە لە نێو کۆمەڵگە بڵاوببێتەوە و خەڵکەکە بەرگری بۆ پەیدا بکات و لە کۆتاییدا لە شەڕی بەرەنگاربوونەوە، بە بەھێزکردنی بەرگری کۆمەڵگە ڤایرۆسەکە ئیتر نامێنێت: ئەم ستراتیجە وا دەکات سرووشت خۆی بەسەر دۆخەکە تێپەڕێت و بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، پەتایەکانی دیكه بە ھەمان شێوە، مرۆڤایەتی بەرەنگاری بووهتەوە.
بۆ وڵاتێکی وەکو شانشینی بەریتانی، کاتێك مەزەندە دەکرێت 40 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکە ببن، بەڵام بە حوکمی ئەوەی 80٪ بە سووکی لێیان دەردەکەوێت، تەنھا 8 ملیۆن کەس بە قورسی دەیگرن، لەوانەش 4 ملیۆن کەس پێویستیان بەوە دەبێت لە نەخۆشخانە بمێننەوە بۆ دوو ھەفتە، بوونی ئەم ھەموو نەخۆشە لە نەخۆشخانە، پاڵەپەستۆیەکی زانستی و خزمەتگوزاری یەکجار زۆر دەخاتە سەر کەرتی تەندروستی، بەمەش ڕێژەی مردن زۆر دەبێت، نەك تەنھا بە ھۆی ڤایرۆسەوە، بەڵکو لەبەر نەبوونی شوێن بۆ نەخۆشیە کوشندەکانی دیكهی وەکو شێرپەنجە و جەڵتە، جیا لە رووداوەکانی ھاتووچۆش، چونکە پێویستیان بە ژووری چاودێری چڕ دەبێت.
ئەگەر ئەو گریمانە مهترسیداره، بۆ کوردستان دابنێین، کە نزیکەی 6 ملیۆن کەس نیشتەجێیەتی، ئەوا 3.5 ملیۆن کەس تووش دەبێت و 700 ھەزار کەس بە توندی تووش دەبن، 350 ھەزار کەس پێویستی بە نەخۆشخانە دەبێت لە ماوەی 3 ھەفتەدا، ئایا ئێمە توانای خەواندنی ئەو ھەموو نەخۆشەمان ھەیە؟ بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر وریایانە مامەڵەی لەگەڵ رەوشەکە کرد.
حکومەتەکانی ئێران و ئیتاڵیا و ھەندێك وڵاتی دیكه، لەو نێوەندە تووشی لێکدانەوەی ھەڵە بوون و رێگای یەکەمیان ههڵبژارد، کە کەرەنتین کردنی خەڵکە، بهڵام به درهنگ كهوتن.
کەواتە: پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن دەرباز دەبین؟
1- لەم کاتە ناسکەدا، تا ماوەی کەرەنتین و کەمکردنەوەی بەریەککەوتن درێژ بکەینەوە، ئەوا یارمەتی کەرتی تەندروستی دەدەین، بە کۆنترۆڵکردنی حاڵەتەکان.
2- دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی Social Distancing دەبێ بەردەوام بێت و خۆشەویستەکانی خۆمان جارێ با بە ئۆنلاین و بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا بەسەربکەینەوە.
3- گۆڕینی کۆمەڵێك خووڕەوشتی کەسی و کۆمەڵایەتی وەکو تەوقەکردن و ماچکردن و گردبوونەوە، ھەروەھا فێربوونی دەست و خۆشوشتنی بەردەوام.
4- دەکرێت بیر بکرێتەوە لە بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا و سیستەمی خوێندنی ئۆنلاین بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵ، وەکو پلانێکی یەدەگ و ئامادە.
5- چاوەڕێ بکەین تا پێکوتەیەک (ڤاکسین) دەدۆزرێتەوە و لەم قەیرانە دەربازمان دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پلان و بودجە ھەبێت، لە کاتێک ئەگەر ھاتوو
ئەم ڤاکسینە بە خۆڕایی پێشکەشی وڵاتان نەکرا.
پرۆفیسۆری یاریدهدهر، دكتۆر كارزان محهمهد، پسپۆڕی زانستی مایكرۆبایۆلۆژی پزیشكی