شاخەوان عەبدوڵڵا: كەركووك لە مەترسیدایە
دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا 2500 كەس لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە كەركووك
K24- كەركووك:
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووك دووپاتی دەكاتەوە، بەهۆی ئەوەی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە ئەو شارە، كەركووك لە مەترسیدایە و دەبێت فریای بكەون، چونكە زۆربەی گەڕاوەكان لە شاری قوم هاتوونەتەوە.
لە پۆستێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشكرایكرد، لە ماوەی هەفتەی رابردوو بەدواداچونم کرد و بۆم دەرکەوت، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کە خەڵکی کەرکووکن و لە دوای بڵاوبونەوەی کرۆنا لە ئێران گەڕاونەتەوەتە شارەکە، نزیکەی 2500 کەسە، کە زۆربەیان بۆ زیارەتی قوم و هەندێکیان بۆ خوێندن و هەندێکی تریش بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی ئێرانیان کردبوو.
هەروەها دووپاتیكردەوە، "بەشێکی زۆریان خەڵکی شارۆچکەی تازە و داقوقن، ئەوانی دیكەش لە سەنتەری شار، بەڵام ئەوەی کارەساتە لەکەرکووك ئەوەیە، لە کۆی هەموو ئەو ژمارەیە تەنها 17 هاووڵاتی کەرەنتین کراون و ئەوانی دیكە سەربەستانە بەناو شاردا دەسوڕێنەوە".
شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی كردەوە، "لێرەوە مەترسی جدی دەردەکەوێت، بۆیە دەبێت بەزوویی بەدواداچون بکرێت بۆ ئەو بابەتە و بەپەلە ئەو ناوانەی لە دەروازەی منزری و دەروازەکانی هەرێم و فرۆکەخانەکان و دەروازەکانی دیكەی عێراق داخل بوونە و خەڵکی کەرکووکن، ناوەکانیان رابگەیەندرێت و پشکنینیان بۆ بکرێت".
هەروەها گوتی: "بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەشێك لە پەرلەمانتارانی شارەکە قسەم کردووە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو هەنگاوە بنرێت، جیا لەمە دەبێت بەزوویی قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنرێت و هاووڵاتیانیش پێوەی پابەندبن، ئەگەر ئیدارەش ئەمەی نەکرد، ئەوە هاووڵاتیان خۆیان لە پێناو پاراستنی تەندروستی خۆیان هەوڵ بدەن خۆیان لە ماڵەکانیان کەرەنتین بکەن".
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "پەیامێكیشم بۆ خەڵکی قارەمانی کەرکووك ئەوەیە، هەموو دونیا شاهێدی قارەمانێتی ئێوەیە لە شەڕی تیرۆرۆ و پارێزگاریتان لە شارەکە، دیسان ئەمڕۆ ئێوە خۆتان دەتوانن ئەو رۆڵە بگێڕن و خۆتان لەهێرشی کرۆنا بپارێزن، بەڵام ئەمجارەیان رێك پێچەوانەی شەڕی تیرۆر، کە لە جیاتی ئەوەی دەرکەون و رێ لە تیرۆر بگرن، ئەمجارەیان دەبێت خۆتان لە ماڵەوە بنێن، بەوەش دەتوانن لەو بەڵایە جیهانییە پارێزراو بن".
لە درێژەی نووسینەكەیدا شاخەوان عەبدوڵڵا دەوڵێت: "جگە لەوە بابەتی بوونی هەزاران سەرباز و پۆلیسی ئیتحادی و حەشدی شەعبی، کە خەڵکی باشوورن و هاتووچۆی کەرکووك دەکەن، مەترسییەکی دیكەیە بۆ سەر ژیانی دانیشتوانەکەی".
لە كۆتاییشدا نزا بۆ خەڵكی كەركووك و تەواوی دانیشتوانی جیهان دەكات و دەڵێت: "خودا کەرکووك و کوردستان و تەواوی جیهان لەم ڤایرۆسە بپارێزێت" .
H.B