پسپۆڕێكی رووسی: ڤایرۆسی كۆرۆنا 2 جۆری جیاوازی هەیە.. جۆرێكیان مەترسیدارترە

كۆرۆنای ئەوروپا خێراتر لە كۆرۆنای چین بڵاودەبێتەوە

K24- هەولێر:

پسپۆڕیكی بواری نەخۆشییە گوازراوەكان لە رووسیا دووپاتیكردەوە، ڤایرۆسی كۆڤید -19 كە ئێستا لە سەرانسەری جیهان بڵاوبووەتەوە تەنیا جۆرێكی نییە و بەلایەنی كەم 2 جۆری جیاوازی هەیە.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سێرگی نیتیسۆڤ، سەرۆكی تاقیگەی تەكنۆلۆژیای بایۆلۆژی نانۆیی مایكرۆبایلۆژی و زانستی ڤایرۆسەكان لە زانكۆی شاری نوفوسیبیرسكی رووسی رایگەیاند، ئەم زانیارییە لەلایەن زانایانی چین پشتڕاست كراونەتەوە و ئاماژەی بەوەشدا، ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی خێراتر لە وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكانی دیكە بڵاودەبێتەوە، بە بەراورد لەگەڵ چین و كۆریای باشوور.

گوتیشی: ئەو رێكارانەی دەسەڵاتدارانی چین و كۆریای باشوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا گرتیانە بەر، ئەنجامەكانیان ئەرێنی بوون و زوو هەستی پێكرا، لەكاتێكدا ئیتاڵیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بە هەمان رێكار نەیانتوانی سنوورێك بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە دابنێن و تا ئێستاش ڤایرۆسەكە بە خێرایی تەشەنە دەكات، چونكە ئەو جۆرە ڤایرۆسەی لە ئەوروپا بڵاوبووەتەوە، خێراتر تەشەنە دەكات وەك لەوەی چین.

ئەو شارەزایە رووسییە دووپاتیكردەوە، ئەو جیاوازییەی لە نێوان هەردوو جۆر ڤایرۆسەكەدا هەیە، هیچ كاریگەری لەسەر جۆری چارەسەركردنی تووشبووان و جۆری دژە ڤایرۆسەكە نابێت و هەر چارەسەرێك یان دژە ڤایرۆسێك بۆ ئەو پەتایە بدۆزرێتەوە، بۆ هەردوو جۆری ڤایرۆسەكە گونجاو دەبێت.

نیتیسۆڤ گوتی: ئەوەی بووەتە لەمپەر لەبەردەم دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەوەیە، كە تائێستا پزیشكان هچ جۆرە ئاژەڵێكیان دەستنیشان نەكردووە، كە كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر جەستەكەی هەمان كاریگەری سەر جەستەی مرۆڤی هەبێت، بۆ ئەوەی دژە ڤایرۆسەكەی لەسەر تاقی بكەنەوە.

سەرچاوە: ئینتەرفاكس

H.B