تونێلی پیرمام دەکرێتەوە

سبەی كارەكانی تەواو دەبێت

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ئاشكرای دەكات، سبەی كارەكانی تونێلی پیرمام تەواو دەبن و لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت بڕیار بوو پێش جەژنی نەورۆز بە فەرمی بكرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و کارئاسانی ھاتووچۆ دەكرێتەوە، بەڵام بەھۆی قەدەغەی ھاتووچۆ، كردنەوەی بە شێوەی فەرمی دوادەخرێت.

وەزارەتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیار درابوو کارەکانی تونێلی پیرمام لە پێش نەورۆزی ئەمساڵ تەواو بکرێن، ھەر بەوشێوەیە کارەکان ئەنجامدران و پڕۆژەکە لە سبەی رۆژی 19/3/2020 تەواو دەکرێت و دەکرێتەوە، بەڵام بەھۆی رێکارەکانی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ لە نێوان شارو شارۆچکەکان کردنەوەی تونێلەکە بەشێوەیەکی فەرمی دوادەخرێت بۆ کاتی نەھێشتنی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ، لەبەر بەرژەوەندی گشتی تونێلەکە لە وادەی دیاریکراودا، بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا و بەتایبەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و کارئاسانیکردنی ھاتووچۆی ئەو بەڕێزانەی لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و لیژنەکانی پارێزگا و قائیمقامییەتەکانەوە رێگەیان پێدەدرێت، کە ھاتووچۆ بکەن، بۆ ئەوەی لە رووی تەندروستی و فریاگوزاریی خێراوە، سوود لەو پڕۆژەیە ببینن و خزمەت بە ھاووڵاتییان بکەن".