دهۆك.. هەورەتریشقە گەنجێكی كوشت

بەرەو ماڵی براكەی لە رێگە بوو

K24- دهۆك:

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی فەیدیێ لە سنووری پارێزگای دهۆك، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵان بەهۆی لێدانی هەورەتریشقە گیانی لە دەست دا.

کەسێکی نزیك لە گەنجەگە بە کوردستان 24ی راگەیاند، گەنجەکە خەڵکی شارۆچکەی سێمێلێی سەر بە پارێزگای دهۆکە، ئێوارەی ئەمڕۆ لەو کاتەی کە گەنجەکە دەیویست سەردانی براکەی لە ناحیەی فەیدیێ بکات، لە رێگادا دەکەوێتە بەر هەورەتریشقە و دەست بەجێ گیانی لە دەست دا.

راشیگەیاند، گەنجەکە ناوی سەڵاح عیسا مۆسایە و تەمەنی 28 ساڵانە و خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.

دوای رووداوەکەش تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی دهۆك گوازرایەوە و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ لە گوندی کورێمێ لە سنوری پارێزگای دهۆك و بەهۆی لێدانی هەورە تریشقە 48 سەرئاژەڵ مردن.

H.B